رووداو دیجیتاڵ
سروشتی دەڤەری بەرواری باڵا، کە بە جوانی و پاکییەکەی ناسراوە، ئێستا لە بەردەم مەترسیی زبڵ و خاشاکدایە. هۆکارەکەشی بایکۆتی کرێکارانی پاککەرەوەی کۆمپانیای هیزلە، کە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ، دەستیان لە کار هەڵگرتووە. بەهۆی ئەم بایکۆتەوە، لە 50 گوندی ناحیەی کانی ماسی زبڵ کەڵەکە بووە و بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووەتەوە.
کرێکاران دەڵێن، چارەنووسیان نادیارە و بژێوییان لەوپەڕی خراپیدایە. هەژار بریفکانی، یەکێک لە ژینگەپارێزەکان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، باسی دۆخی خۆی و هاوکارەکانی کرد و گوتی: "لە مانگی 12ـی پارەوە تەنیا دوو مووچەمان وەرگرتووە. هەندێکمان زیاتر لە 6 مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە."
وەرنەگرتنی مووچە کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ژیانیان. هەژار، کە کرێچییە و تاکە سەرچاوەی داهاتی ئەم کارەیە، دەڵێت: "پارەیەکی زۆر قەرزار بووم، بە قەرز خواردن و کەلوپەل لە دووکان دەکڕم. هیوامان تەنیا ئەو مووچەیە، ئەگەر ئەویش نەبێت، چۆن بژین؟"
کرێکاران دوو هەفتەیە بە تەواوی بایکۆتی کاریان کردووە و جەخت دەکەنەوە تاوەکو سەرجەم مووچە دواکەوتووەکانیان وەرنەگرن، ناگەڕێنەوە سەر کار. بە گوتەی هەژار، "هەر کارمەندێک زیاتر لە یەک ملیۆن دیناری لای کۆمپانیاکەیە، بەڵام کۆمپانیا بێدەنگە و هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردووین."
کۆمپانیای هیزل، کە گرێبەستی پاککردنەوەی ناوچەکەی لەگەڵ حکومەت هەیە، کرێکاران بە "کەمتەرخەم" تۆمەتبار دەکات. د. محەممەد، بەڵێندەر لە کۆمپانیای هیزل، بە رووداوی گوت، "کێشەمان لەگەڵ ژینگەپارێزان هەیە، زۆربەیان دوو یان سێ کاژێر دێنە سەر کار و دەچنەوە ماڵ، لە کاتێک دا ئێمە پارەی 8 کاژێر کارکردنیان دەدەینێ."
کۆمپانیاکە پلانی نوێی راگەیاندووە، وەک د. محەممەد گوتی، "بڕیارمان داوە لە 1ـی مانگی 7ـەوە، هەموو ژینگەپارێزان دەبێت رۆژانە 7 یان 8 کاژێر کار بکەن و ئێمەش 30 رۆژ جارێک مووچەیان پێدەدەین." کۆمپانیاکە بەڵێنی داوە ئەم هەفتەیە یەک مووچە خەرج بکات و مووچە قەرزەکانی دیکەش بە شێوەی هەفتانە بدات. هاوکات هۆشداریشی داوە، "هەر کرێکارێک بەو کاتی کارکردنە رازی نییە، دەتوانێت دەستبەرداری کارەکەی بێت و هەموو مووچە قەرزەکانی وەردەگرێت."
بەڵام د. محەممەد ئاماژە بە ئاستەنگییە کارگێڕییەکان دەکات و دەڵێت، "تاوەکو چەکی پارەی یەک مانگ وەردەگرم، دەبێت 78 واژۆ لە 13 شارەوانیی سنوورەکە کۆبکەمەوە."
شارەوانیی ئامێدی، وەک لایەنی چاودێر، رەخنە لە کاری کۆمپانیاکە دەگرێت. هەڤراز حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی ئامێدی، لە بەرپرسیار دا، گوتی: "کارکردنی کۆمپانیاکە لە ئاستی خواستی ئێمە دا نییە و چەندین جار بەهۆی کەمتەرخەمییەوە سزای داراییمان کردووە."
هەڤراز حەسەن جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرەتا مافی کرێکاران پارێزراو بێت و گوتی، "پێویستە کۆمپانیا مووچەیان لە کاتی خۆیدا پێبدات، ئینجا ئازادە لەوەی کرێکاری کەمتەرخەم لەسەر کار لابدات." بەپێی گرێبەست، کۆمپانیاکە دەبێت هەفتەی دوو جار گوندەکان پاک بکاتەوە و هەر رۆژێک کەمتەرخەمی بکات، سزا دەدرێت.
لە نێوان ناکۆکییەکانی کرێکاران، کۆمپانیا و شارەوانیدا، دانیشتووانی ناوچەکە باجەکەی دەدەن. نوسرەت عەبدولغەفوور، دانیشتووی کانی ماسی، لە بەرپرسیار دا، گوتی: "خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوە. شارەوانی مانگی جارێک دێت، بۆیە خەڵک ناچارن بە پیکاب خاشاکەکانیان فڕێ بدەن."
ئەو ژنە بە نیگەرانییەوە دەپرسێت، "ئێمەی ژن چی بکەین؟ خاشاک لەبەر دەرگەمان کەڵەکە بووە و کەس نایەت بیبات."
کێشەکە لە کاتێکدایە کە گرێبەستی سێ ساڵەی کۆمپانیاکە لەگەڵ حکومەت، لە 7ـی مانگی 11ـی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە، چارەنووسی پاکوخاوێنیی یەکێک لە جوانترین ناوچەکانی کوردستان و بژێوی دەیان کرێکار، بە نادیاری ماوەتەوە.

.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)