رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر و دهۆک ناوبەناو کارەبای نیشتمانی 24 کاژێری دەبڕدرێت و موەلیدە تایبەتەکان کار دەکەن، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە موەلیدەکان کار ناکەن. بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە دەڵێ، "کارەبامان بێ کێشەیە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەولێر بۆ 100 کاژێر کارکردنی موەلیدەکان نزیکەی شەش هەزار دینار بۆ ئەمپێرێک لە هاونیشتمانیان وەرگیراوە، بەڵام لە دهۆک موەلیدەکان بە مانگانە کاریان کردووە و مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر گەیشتووەتە 9 هەزار و 250 دینار.
موەلیدەکانی هەولێر: بۆ 100 کاژێر کارکردن 6500 دینار پارە وەردەگرین
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناچارین لەکاتی نەبوونی کارەبای 24 کاژێری موەلیدەکان کار پێبکەین، بۆ پارەکەشی بە کاژێر لە هاوبەشانی وەردەگرین".
بە گوتەی خۆرانی، لەم مانگەدا لەنێو شاری هەولێر رۆژانە سێ بۆ شەش کاژێر موەلیدەکانیان کار دەکەن؛ لە دەوروبەری هەولێریش کارکردنی موەلیدەکان دەگاتە حەوت کاژێر.
لەبارەی نرخەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ: "ئێمە ئێستا 100 کاژێر جارێک پارە وەردەگرین، پارەی 100 کاژێر بە نرخی گازی ئەمڕۆ 5750 دینار بۆ 6500 دینارە".
بەگوێرەی قسەکانی خۆرانی، ئەگەر کارەبا هاوشێوەی ئێستا بێت، بۆ مانگی حەوت نرخی یەک ئەمپێر دەگاتە زیاتر لە 10 هەزار دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ، خاوەن موەلیدەکان هەموویان داوا دەکەن، حکومەت لیژنە پێکبهێنێتەوە و هاوەشێوەی پێش کارەبای 24 کاژێری، کارەبای موەلیدەکان بکرێنە فەرمی و وەرگرتنی پارەش مانگانە بێت بە گوێرەی ئەو کاژێرانەی کار دەکەن.
لە دهۆک مانگی رابردوو یەک ئەمپێر 9250 دینار بووە
قایمقامی دهۆک دەڵێت، لەم مانگەدا رۆژانە سێ بۆ پێنج کاژێر موەلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن و کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆتایی ئەم مانگە نرخ دیاری دەکرێ، لە دهۆک وا دانراوە کۆتایی مانگ بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە و نرخی گازوایل پارەی یەک ئەمپێر دیاری دەکرێت".
بریندار حەیدەر ئاماژەی بە پارەی ئەمپێر لە مانگی شەش کرد و گوتی: "هەرکەس بۆ ئەمپێرێک 4750 دیناری مانگی پێنجی لای خاوەن موەلیدەکان مابوو، بۆیە بۆ یەک ئەمپێر 4500 دینار وەرگیرا".
لە سلێمانی و هەڵەبجە موەلیدەکان کار ناکەن
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبا ناوبەناو لە چەند گەڕەکێک دەبڕێ، بەڵام موەلیدەکان نە گرێبەستیان بۆ کراوە و نە کارپێکەریان هەیە، بۆیە هیچ موەلیدەیەک کار ناکات".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "ئێستا لە سلێمانی جیا لە هەولێر و دهۆک تەنیا یەک کارەبا هەیە کە کارەبای نیشتمانییە و کەمیش دەبڕێ، خەڵکیشیان لەسەر ئەوە راهێناوە کە تەنیا کارەبای نیشتمانیی هەبێ، موەلیدەکانیش تاوەکو گرێبەستیان نەبێ ئامادە نین کار بکەن".
ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە موەلیدەکان کار ناکەن و هیچ خشتەیەکی کارکردنیان بۆ دانەنراوە".
بەگوتەی کاوان کەریم، لە هەڵەبجە کێشەی کەمیی کارەبای نیشتمانیی نییە و پێویستیان بە موەلیدە ئەهلییەکان نەماوە.
لەبارەی جیاوازی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا، بەرپرسێکی ئاگادار بە رووداوی گوت، هۆکاری بڕانی کارەبا لە هەولێر و دهۆک زیاتر لە وەی کە بڕی کارەبا بێ، گوشاری سەر فیدەرەکانە کە دەبێتە هۆکاری پچڕانی کارەبا.



