رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناحیەی دارەتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، گلەیی لە بڵاوبوونەوەی "بۆنێکی ناخۆش و خنکێنەر" دەکەن، کە هاوشێوەی بۆنی نەوت و پاڵاوگەیە و ژیانی لێ تاڵ کردوون. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر رەتیدەکاتەوە بۆنەکە هی پاڵاوگەکان بێت و هۆکارەکەی بۆ سووتاندنی پووش و پاشماوەی پلاستیک و تایە دەگەڕێنێتەوە.
سامی کەریم، دانیشتووی گەڕەکی نیشتمان لە دارەتوو، سەبارەت بەم گرفتە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەم کێشەیە تەنیا گەڕەکەکەی ئێمەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە بەشی زۆری سنوورەکەدا هەیە و بۆنەکە خەڵکی بە تەواوی بێزار کردووە. لەبەر گرانیی نرخی کارەبا خەڵک ناتوانن سپلیت داگیرسێنن، کاتێکیش موبەریدە هەڵدەکەین، لەبەر بۆنەکە خەریکە دەخنکێین."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی سێ ساڵە بەردەوام ئەم بۆنە هەیە، بەڵام کاتەکانی جێگیر نین؛ جاری وا هەیە هەفتەیەک هیچ بۆنێک نییە و جاریش هەیە لە هەفتەیەکدا دوو شەو دێت. سامی دەڵێت، "بۆنەکە زۆر ناخۆشە و وەک بۆنی پاڵاوگە و نەوت وایە. ئەو شەوەی بۆنەکە دێت، بەیانییەکەی ئاسمانی هەولێر تەمومژاوی دەبێت و دوکەڵی پێوە دیارە. ناکرێت لەبەر دوو کارگە و پاڵاوگە ژیانی خەڵک تاڵ ببێت و تووشی دەرد و نەخۆشی ببین."
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: تەواوی پاڵاوگەکان راگیراون و کار ناکەن
لەسەر ئەم بابەتە، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، بوونی بۆنی پاڵاوگەکانی لەو ناوچەیە رەتکردەوەو رایگەیاند، "سەبارەت بە پاڵاوگەکان، تەنانەت یەک پاڵاوگەش کار ناکات و سەرجەمیان راگیراون، بەتایبەتی لەو شوێنانەی وەک رێگەی مەخموور و دەوروبەری."
سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنە، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی، "زیاتر لەو شوێنانەی کە زەوی چۆڵ هەیە و پووش و پاوانی لێیە، کاتێک ئاگری تێبەردەدەن، پاشماوەی وەک نایلۆن و پلاستیکیشی تێدایە و دەسووتێت، ئەوەش بۆنەکە بڵاودەکاتەوە."
دڵشاد هیرانی گوتیشی، "کاری پاڵاوگەکان راگیراوە و هیچ پاڵاوگەیەک کارناکات و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هۆکاری بۆنەکە کارکردنی پاڵاوگەکان نییە."



