رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە گوایە لە چاکسازیی گەورانی هەولێر زیندانیکراو هەن ماوەی سزاکەیان تەواو بووە و ئازاد نەکراون. هاوکات بەهۆی نەبوونی بودجە و نەسرییەوە، مەترسی لەسەر ژیانی زیندانییەکی نەخۆش هەیە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر دۆخی چاکسازیی گەورانی هەولێر دا، کە ئێستا نزیکەی 2400 زیندانی تێدایە. سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە دەگوترێت 50 زیندانی ماوەی بەندکردنیان کۆتایی هاتووە و هێشتا ئازاد نەکراون، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەم زانیارییانە دوورن لە راستییەوە. دوای بەدواداچوونی بەشی یاسایی، دەرکەوت کۆمەڵێک زیندانی حوکمەکانیان بە تەواوی کۆتایی هاتبوو و ئازاد کراون."
سەبارەت بەو کەسانەش، کە ئێستا لە چاکسازییەکەدا ماونەتەوە و پێیان وایە کاتی ئازادبوونیان هاتووە، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی، "ئەمانە ژمارەیەک سزادراوی دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرن، زیاد لە دوو جار تاوانەکەیان دووبارە کردووەتەوە. بەپێی یاسا، دادوەر مافی ئازادکردنی مەرجداریان پێ نادات. لەڕووی یاساییەوە، ئازادکردنی مەرجدار وایە، کە لە ساڵێکدا کە 12 مانگە، 9 مانگیان بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام بەهۆی دووبارەکردنەوەی تاوانەکەوە دادگا ئەم مافەی لێ سەندوونەتەوە، دەبێت تەواوی سزاکەیان تەواو بکەن، کە هێشتا نزیکەی ساڵێکیان ماوە. بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە کارگێڕیی چاکسازییەوە نییە، بەڵکو بڕیاری دادگایە."



