رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانی لە ئاودا خنکاون و تەرمەکانیان نادیارە، یەکێکیان سێ هەفتەیە گەڕان بۆ تەرمەکەی لە رووباری سیروان لە کەلار بەردەوامە و دووانەکەی دیکەش لە زێی گەورە لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر خنکاون و تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
ئەحمەد لوقمان، گەنجێکی دانیشتووی کەلارە، وەستای کەباب بووە لە بەغدا، 17ـی حوزەیران کاتێک بۆ پشوو گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئامۆزایەکی بۆ راوە ماسی چووەتە رووباری سیروان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و خنکاوە، لەو رۆژەوە گەڕان بۆ تەرمەکەی بەردەوامە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی گەرمیان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەڕان بۆ تەرمی ئەحمەد بەردەوامە، لە سنووری کەلارەوە تاوەکو دواخاڵی سنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە رووباری سیرواندا بۆ تەرمەکە گەڕاوین؛ گەڕانیش بەردەوام دەبێت".
تەرمی دوو هاونیشتمانی لە سنووری هەولێر نەدۆزراونەتەوە
یەکێک لەوانەی کەوتووەتە ئاوەوە لە سنووری هەولێر ناوی ئازاد سیراج ئەوسییە، لەدایکبووی ساڵی 2006ـە؛ خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی کەمپی گەویلان بووە لە سنووری ناحیەی کەڵەک.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەڕان بۆ تەرمی ئازاد بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەدۆزراوەتەوە".
ئازاد سیراج لە 25ـی حوزەیران کەوتووەتە ئاوەوە و بەرگری شارستانی دەڵێ: "خۆی خۆی خستووەتە ئاوەوە و خۆی کوشتووە".
یەکێکی دیکە لەوانەی گەڕان بۆ تەرمەکەی دەکرێ لە هەمان ناوچە، لە 13 حوزەیرانەوە خنکاوە. موقەدەم شاخەوان گوتی: "ناوی سەردار جەوهەر عەزیزە و لەدایکبووی ساڵی 1968ـە؛ دانیشتووی سەنتەری شاری هەولێر بووە".
بەگوێرەی ئامارەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم ساڵ لە سنووری هەولێر و دەوربەری 13 کەس لە ئاودا خنکاون، تەرمی 11 یان دۆزراونەتەوە و گەڕان بۆ دوو تەرمەکەی دیکەش بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگری شارستانیی هەرێمی کورستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ 44 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.



