رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پلەی گەرما چەند پلەیەک بەرزبێتەوە. گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە.
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەوە چەند پلەیەکی کەم بەرزبوونەوە لە پلەی گەرمادا هەبێت، بەڵام ئەوە زۆر ئاساییە و شەپۆلێکی جیاواز نییە."
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، ئەم مانگە (تەممووز) لە نیوەگۆی باکووری زەوی زۆرجار بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکرێ و هەربۆیە "ئاساییە ئەگەر هەندێک بەرزبوونەوە لە پلەی گەرمادا هەبێت، بەڵام لە تێکڕای ساڵانە زیاتر نابێت و هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ هاتنی شەپۆلێکی گەرمای بەهێز لەم ناوچەیەدا."
هەر لەو بارەیەوە ئەمڕۆ هەینی، 10ی تەممووزی 2026، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بەدواداچوونیان بۆ پلەی گەرمای هەفتەی داهاتوو، "تاوەکو ئەم ساتە هیچ ئاماژە یان خوێندنەوەیەکی سەرەتاییمان نییە کە نیشانی بدات وڵات رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای تووند دەبێتەوە."
گوتەبێژی کەشناسیی عێراق دەڵێ: "تاوەکو ئێستا پلەی گەرما بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاساییە، دەبینین جۆرێک لە بەرز و نزمی تێدایە، بەڵام هیچ شەپۆلێک لە ئارادا نییە کە پلەی گەرما بگەیێنێتە پەنجا یان زیاتر."
عامر جابری ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە کۆتایی مانگی حوزەیران دا لە بەسرە پلەی گەرما گەیشتووەتە پەنجا و گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما بگاتە ئەو ئاستە."
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی شەممە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
- هەولێر: 41 پلەی سیلیزی
- سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە:42 پلەی سیلیزی
- دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
- زاخۆ: 41 پلەی سیلیزی
- گەرمیان:43 پلەی سیلیزی
- سۆران: 39 پلەی سیلیزی



