رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش، ئەمساڵ نەک هەر خەمی ماندووبوون و تێچووی بەرهەمەکانیان لە کۆڵ ناوە، بەڵکو خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمێکیشیانە کە لە بازاڕدا بەهۆی برنجی هاوردەوە نرخەکەی شکاوە و لەلایەن هەندێک بازرگانەوە "فێڵ"ـی تێدا دەکرێت. چیرۆکی ئەم جووتیارانە، ململانێی نێوان بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەیە، لە بازاڕێکدا کە چاودێریی تێیدا لاوازە.
ئەمیر کەریم، جووتیارێکی گوندی (کانی ئەسپانی مەزن)ـە لە بەردەڕەش، نموونەی زیندووی ئەو جووتیارانەیە کە باجی ئەم دۆخە دەدەن. ئەو پار 12 ملیۆن دیناری لە چاندنی یەک تەغار برنجدا خەرج کرد، بەڵام ئێستا زیاتر لە نیوەی بەرهەمەکەی لە ماڵەوەیە و نرخەکەی لە بازاڕدا نیوەی تێچووەکەشی بۆ ناکات. ئەمیر بە نائومێدییەوە بە رووداوی گوت: "ئەمساڵ مەرەزەم نەکردووە، چونکە پێویست ناکات رەنجەکەم هەر لە ماڵەوە دابنێم."
محەممەد موشیر، جووتیارێکی دیکەیە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لەوە کرد، سێ ساڵە قازانجیان "زۆر کەم بووە". ئەو پەنجە بۆ دوو کەس لە ئاکرێ رادەکێشێت کە بە گوتەی ئەو، برنجی بیانی بە ناوی کوردییەوە دەفرۆشن و دەپرسێت: "نازانین هۆکاری رێنەگرتنیان چییە؟"
کێشەی جووتیاران تەنیا ساخنەبوونەوەی بەرهەم نییە، بەڵکو گرانیی کرێی زەوی، دەرمان و پەینی کیمیایی و نەبوونی پاڵپشتیی حکومەت، وایکردووە بەشێک لە جووتیاران واز لە مەرەزە بهێنن.
لە بازاڕی ئاکرێ، چیرۆکەکە ئاڵۆزتر دەبێت. سەیفوڵڵا رەمەزان، دووکاندارێکە و بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە چۆن فێڵ لە کڕیاران دەکرێت. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "جاران برنجی بیانی تێکەڵ بە کوردی دەکرا، بەڵام ئێستا ئەوەش ناکەن، راستەوخۆ برنجی بیانی دەکەنە ناو کیسەی کوردی و دەیفرۆشن. ئەمە کارەساتە."
بە گوتەی سەیفوڵڵا، جیاکردنەوەی برنجی رووسی و کازاخستانی لە برنجی شەش مانگی و سێ مانگیی کوردی بۆ خەڵکی ئاسایی ئەستەمە، هەرچەندە شارەزایان دەتوانن بەهۆی رەنگ و شێوەیانەوە لێکیان جیا بکەنەوە. ئەو چارەسەر لە زیادکردنی باج لەسەر برنجی هاوردەدا دەبینێت.
دلێر مەهدی، بازرگانێکی برنجە لە ئاکرێ و بە توندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی دەکرێن. ئەو لەنێو دووکانەکەیدا کە 11 جۆر برنجی لێیە، تابلۆیەکی هەڵواسیوە و ناوی هەموو جۆرەکان و نرخەکانیانی لەسەر نووسیوە. دلێر، لە (بەرپرسیار) گوتی: "پێشتر برنجی کوردی ئەوەندە گران بوو خەڵک توانای کڕینی نەبوو، من هاتمە ناو بازاڕەکە و هەرزانم کرد." ئەو تەحەدای هەمووان دەکات و دەڵێت: "با یەک موشتەری بێت و بڵێت برنجی کازاخستانیم بە ناوی کوردییەوە پێ فرۆشتووە، ئەگەر راست بوو، با لەنێو بازاڕەکە لەسێدارەم بدەن."
بەرپرسانی حکومیش دان بە بوونی کێشەکەدا دەنێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی کرداریی کاریگەر نەگیراوەتەبەر. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە رووداوی گوت، کە ماوەیەکی زۆرە ناوی چەند کەسێکیان وەک "تۆمەتبار" داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام "هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە."
شەهاب ئاکرەیی، بەرپرسی هۆبەی چاودێریی بازرگانیی ئاکرێ، لە (بەرپرسیار) باسی لەوە کرد، کە بەدواداچوونیان بەردەوامە و چەندین شوێنیان سزا داوە کە لەنێوان 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار بووە. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە جیاکردنەوەی جۆرەکانی برنج "زۆر ئەستەمە" و پێویستیان بە پسپۆڕی کشتوکاڵ هەیە. ئاکرەیی هەروەها ئاشکرای دەکات کە ناوی سێ کەسیان پێگەیشتووە کە گومانی فێڵکردنیان لێ دەکرێت و لەژێر چاودێریدان.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، پێی وایە بنبڕکردنی دیاردەی فێڵکردن "زەحمەتە"، بەڵام دوو رێگەچارەی لە (بەرپرسیار) پێشنیاز کرد: "یەکەم، سزای زۆر توندی ئەو کەسانە بدرێت کە ئەو کارە دەکەن. دووەم، کار لەسەر سیستمی "پاکێجینگ" بکرێت، واتە برنج بە شێوەی کیسەی داخراو و ستاندارد بفرۆشرێت کە سەرچاوە و جۆرەکەی دیار بێت، نەک بە فەردەی کراوە." کە ئێستا ئەوان کار لەسەر بەپاکێجکردنی برنج دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمی 45 هەزار تۆنی پێشبینیکراوی ئەمساڵی دهۆک، هێشتا بەشی پێداویستیی ناوخۆ ناکات، بۆیە ناتوانرێت هاوردەکردن بە تەواوی قەدەخە بکرێت.
لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ رووبەری چاندنی برنج لە دهۆک دوو هێندە زیاد بکات، ئەمەش نیشانەی هیوای جووتیارانە بۆ داهاتوو، بەڵام ئەگەر بازاڕ بەمشێوەیە بمێنێتەوە و چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشە و داواکاریی جووتیاران و 'فێڵ' لە فرۆشتنەکەی نەدۆزرێتەوە، رەنگە ساڵی داهاتوو زۆرێک لە جووتیاران وەک ئەمیر کەریم بڕیاری چاندنەوەی برنج نەدەن.

