رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوێک داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست بدەنە وەزارەتەکە. نوێنەرێکی گرێبەستەکان دەڵێت، نووسراوەکەی لەسەر داوای گرێبەستەکان بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە 11524 داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، رێگە بە گواستنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان وەزارەتەکاندا بدەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "داواکارین رەزامەندی بفەرموون لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی لەسەر میلاکی وەزارەتمانن و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و لە نێو سیستمی پەیڕۆڵدا نین، لەبەر ئەوەی بەشێکی ئەو گرێبەستانە ئێستا بەهۆی پڕۆسەی هاوسەرگیری یان گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون یان بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە داوای گواستنەوە دەکەن".
تۆلاز محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوەکە بۆ ئەوەیە، دەسەڵات بدرێتە وەزیری خوێندنی باڵا، تاوەکو بتوانێت فەرمانبەران و مامۆستایانی خۆی لە سەرجەم زانکۆکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ بکات لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە".
ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا گوتیشی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر بنەمای کێشەی فەرمانبەران و مامۆستاکان داوای دەسەڵاتی گواستنەوەی کردووە، بۆ ئەوانەی کێشەیان هەیە و پێویستیان بە گواستنەوە هەیە رەزامەندیدان زۆر پێویستە و گرنگە".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان.



