رووداو هەولێر
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "به‌م زووانه" ناونووسین بۆ حەجی ساڵی 2027 دەستپێدەکات. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئەوەی پار ناوی نووسی بێت دەبێت دووبارە تۆماری بکاتەوە.
لە راگەیێیندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "بە هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ته‌واو کراوە بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا دەستبکرێتەوە بە ناونووسین".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو، یان ساڵانی پێشوو ناویان بۆ حەج نووسیوە و ناویان نەهاتووەتەوە، دەبێت دووبارە ناویان تۆمار بکەنەوە".
ستوونی گوتی: "بۆ ناونووسینی چوونە حەج تەمەن نەکراوەتەوە پێوەر. هەروەها ئەوانەی ساڵانی پێشوو چوونەتە حەج، مافی ئەوەیان نییە دووبارە ناویان بنووسن".
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ـی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکاریان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردنەوە، لەو ژمارەیە 5120 بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
ئەم ساڵ 7ـی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ـی ئایار بوو.



