رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، نرخی گازی ماڵان (LPG) بەرزبووەوە.
لەکاتی ئاساییبووەنەوەی دۆخی ناوچەکە، تاوەکو 15ـی تەمموز لیترێک گازی شل (LPG) لە بەنزینخانەکان بە 400 دینار بوو، واتا پڕکردنەوەی بوتڵێکی بازرگانیی ماڵان بە نزیکەی نۆ هەزار دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گاز لە هەموو بەنزینخانەکان هەیە و کێشەمان نییە، لیتری بە 600 دینارە".
بەم نرخە نوێیەی گاز، پڕکردنەوەی بوتڵێک گاز لە نزیکەی 22 لیتر دەگرێت نزیکەی 14 هەزار دیناری تێدەچێت.
لەکاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵ کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، نرخی بوتڵێک گازی ماڵان گەیشتە 45 هەزار دینار.
گۆڕانکاری لە نرخی گازی شل دوای ئەوە دێت، دوێنێ پێنجشەممە، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.



