رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارەبا راگەیێندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بۆ دروستنەبوونی قەیرانی نەبوونی گازی ماڵان (LPG) ئەمڕۆ "چەندین" تانکەری گاز لە عێراقەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمموزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "بۆ دابەشكردنی ئەو بڕە كارەبایەی لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی كارەبا بەرهەم دێت، تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپێردرا بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێک ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت". لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەكانەوە كۆمپانیای دانە گاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر وەستاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راوەستا و 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووەوە". بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمێكی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكات. بەهۆی راگیرانی کارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر، جگە لە کەمبوونەوەی کارەبا، گازی شل کە بە گازی ماڵان ناسراوە کەم بووەتەوە و نرخەکەی نزیکەی 50% بەرزبووەتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆ دابینکردنی گازی شل بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی رۆژانەی ماڵان، وەزیری سامانە سروشتییەكان رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی گازی ماڵان، هەر ئەمڕۆ چەندین تانكەری گاز رەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەکرێت". لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا "دڵنیایی" دراوەتە هاووڵاتییان، کە قەیرانی کەمیی گازی ماڵان روونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر. کەمبوونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان و کەمیی گازی سرووشتی، دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دروستبووە، کە لە 48 کاژێری رابردوو بە 25 درۆن و مووشەک پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بۆردوومان کراون. هەر بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە.