رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و پڕکردنی بوتڵی گازی ماڵان، 10 بەنزینخانە لە شاری هەولێر داخران. رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "10 بەنزینخانە داخران بەهۆی ئەوەی گازی ماڵانیان فرۆشتبوو. ئێمە لە هەموو بەنزینخانەکانمان قەدەخە کردووە کە گازی ماڵان بفرۆشن، چونکە ئەوان تەنیا دەتوانن گاز بکەنە ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە، نەک بوتڵی گاز پڕ بکەن." لەبارەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی خاوەن بەنزینخانەکان، ئاماژەی بەوە کرد: "پێشتر هەموومان ئاگادار کردبوونەوە، بەڵام لە ماوەی 3 رۆژدا ئەو 10 بەنزینخانەیە پابەند نەبوون، بۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە." سالار محەممەد گوتی: "بەدواداچوونەکانمان بەردەوام دەبن و هەر کەسێک ئەو کارە بکات سزا دەدرێت، چونکە فرۆشتنی گاز بەو شێوەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گاز، بۆیە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە." لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت: "دابەشکردنی گازی ماڵان رێکخراوە، ئێمە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆمان هەیە کە لەناو گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و بە کارتی ئەلیکترۆنی گاز بەسەر ماڵاندا دابەش دەکەن."
هەواڵە ناوخۆییەکان18-07-2026رووداوێکی هاتووچۆ لە کۆیە؛ 2 گەنج گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندار بوو