رووداو دیجیتاڵ محەممەد عەزیز بانکی ئەهلیی عێراق و بانکی جیهان، ئامێری ATMـیان لە قەزای سیدەکان دانەناوە. فەرمانبەرانی چەندین قوتابخانە، مزگەوت و بنکەی تەندروستیی ئەو قەزایە، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان دەچنە سۆران. بەڕێوەبەری بانکی جیهانیش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات. رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، رەفیق نەبی، کە فەرمانبەرێکی حکومەتە لە قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری سیدەکان زیاتر لە سێ هەزار مووچەخۆر هەن کە 85٪ـیان لە بانکی جیهان و بانکی ئەهلیی عێراق مووچە وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو دوو بانکە هیچ ئامێرێکی ATMـیان لەم سنوورەدا دانەناوە." بە گوتەی ئەو فەرمانبەرە کە خۆی مووچەکەی لەسەر بانکی ئەهلیی عێراقە، لە سیدەکان تەنیا ئامێری ATMـی سەر بە بانکی ئیسلامی و بانکی بەغدا هەن. رەفیق نەبی باسی لەوەش کرد، ئەو مووچەخۆرانەی کە مووچە لە ATMـی بانکی ئیسلامی و بانکی بەغدا وەردەگرن، بۆ ملیۆنێک دینار شەش هەزار دیناریان لە مووچەکانیان دەبڕن (عمولە)، بەڵام دەڵێت: "بانکی جیهان و بانکی ئەهلیی عێراق تەنیا دوو هەزار دینار دەبڕن." ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمی پرۆژەی (هەژماری من) ناوی شوێنەکان بە ئەوان دەدات، ئەوانیش لەسەر بڕیاری تیمەکە ئامێری ATM لە قەزا و ناحیەکان زیاد دەکەن. ئەحمەد عەبدولخالق گوتی: "پرۆژەی هەژماری من 25 شوێنی بۆ ئێمە دیاریکردووە بۆ دانانی ئامێری ATM تێیاندا، هەرچەندە سەبارەت بە قەزای سیدەکان ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام چارەسەری کێشەکە دەکەین." هاوکات سەروەت جاف، بەڕێوەبەری بانکی ئەهلیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر قەزا و ناحیەیەک 1000 مووچەخۆر یان زیاتری هەبێت، ئامێری ATMـی بۆ دادەنێین." سەروەت جاف ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی 39 ناوچەی بۆ ناردوون بۆ دانانی ئامێری ATM تێیاندا. وەک ئەو دەڵێت: "رەنگە ناوی قەزای سیدەکانیشی تێدا بێت." بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، مامۆستا و فەرمانبەرانی 65 قوتابخانە، 35 مزگەوت و نۆ بنکەی تەندروستیی لە قەزای سیدەکان، بەهۆی نەبوونی ئامێری ATMـی ئەو دوو بانکە، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان ناچارن بچنە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە زیاتر لە نیو کاژێر رێگەیە بە ئۆتۆمبێل.
هەواڵە ناوخۆییەکان18-07-2026رووداوێکی هاتووچۆ لە کۆیە؛ 2 گەنج گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندار بوو