رووداو دیجیتاڵ
دادگەی مەخموور، عەبە مەخمووری، کەسایەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە 500 هەزار دینار سزا دا، کە تۆمەتی "دزی و گەندەڵی" دابووە پاڵ شارەوانی. بەڕێوەبەری شارەوانیش دەڵێت: "تانە لە بڕیارەکە دەدەین و داوای قەرەبووی ناوزڕاندن دەکەین."
رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، زیرەک حەسەن، بەڕێوەبەری شارەوانیی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش دوو مانگ هاووڵاتییەک بە ناوی (عەبە مەخمووری) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تیکتۆک، شارەوانیی مەخمووری بە گەندەڵی و دزی تۆمەتبار کرد و دەیگوت زەویی تەخشان و پەخشان کردووە."
بە وتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی مەخموور، بۆ دەرکەوتنی راستییەکان پەنایان بۆ یاسا بردووە و گوتی: "ئێمە لە دادگەی مەخموور سکاڵامان لەسەر تۆمارکرد تاوەکو راستییەکان بۆ هاووڵاتییان روون ببنەوە. داوامان کرد ئەگەر بەڵگەیەکی هەیە پێشکەشی بکات و بیسەلمێنێت ئێمە گەندەڵین، بەڵام دوای ئەوەی دوو مانگ دۆسیەکە لە دادگە بە کراوەیی مایەوە، هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکرد."
لەبارەی بڕیاری کۆتاییی دادگە، زیرەک حەسەن گوتی: "ئەمڕۆ دادگە بڕیاری دا، 500 هەزار دینار سزای پێبژاردنی بۆ ئەو کەسە بڕییەوە، چونکە دەرکەوت هیچ بەڵگەیەکی نییە و ئەو قسانەی تەنیا لە خۆیەوە کردووە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی مەخموور باسی لەوەکرد، ئەوان بەو سزایە رازی نین و تانەی لێدەدەنەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە: "دوای ئەوەی من سکاڵام تۆمارکرد، ئەو کەسە شەش پۆستی دیکەی لە دژی ئێمە بڵاوکردەوە؛ بۆیە تانە لە بڕیارەکە دەدەین و داوای قەرەبووی ئەو ناوزڕاندنانە دەکەین، کە بەرامبەر بە شارەوانی و حکومەت کردوویەتی."
زیرەک حەسەن دەڵێت: "ئێمە بە دەستپاکی و ئەمانەتەوە کارمان کردووە، ئەمڕۆش لە دادگە دووبارە ئەوە سەلمێندرا و دەرکەوت کە ئەو تۆمەتانە بێبنەمان."
رووداو پەیوەندی بە عەبدولجەبار، ناسراو بە عەبە مەخمووری کرد، بەڵام گوتی جارێ قسە لەسەر ئەو بابەتە ناکات.




