رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە هەڵمەتێکدا دەستی بەسەر 30 هەزار ڤەیپی قاچاخدا گرت و لەنێویبردن. قایمقامی هەولێریش رایدەگەیێنێت، چاودێریی بازاڕ تووندتر دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 21-07-2026 قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نزیکەی 30 هەزار ڤەیپ (جگەرەی ئەلیکترۆنی) لەنێوبران.
بەگوێرەی قایمقامیەتی هەولێر، ڤەیپەکان لە بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەستیان بەسەردا گیرابوو.
قایمقامیەتی هەولێر دەڵێ، هۆکاری لەنێوبردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە شێوەیەکی قاچاخ هێندرابوونە هەرێمی کوردستان و مەرجە تەندروستییەکانیان تێدا نەبووە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و رێکاری تووند بەرامبەر هەر سەرپێچییەک دەگرنەبەر کە سەلامەتیی هاونیشتمانییان بخاتە مەترسییەوە.




