رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ناونووسین بۆ حەج بۆ ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، حەج و عومرەش دەڵێت دواتر وردەکاری پرۆسەکە دەخەنەڕوو.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکات و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکارییەکانی دەخرێتەڕوو".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، "بە هاوئاهەنگی و هاوكاری فهرمانگهی تهكنهلۆژیای زانیاری، ئهمرۆ له كۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دهروازهی حهج بۆ ناونووسینی چوونە حەج دەکرێتەوە".
کاروان ستوونی دەڵێت: "ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو، یان ساڵانی پێشوو ناویان بۆ حەج نووسیوە و ناویان نەهاتووەتەوە، دەبێت دووبارە ناویان تۆمار بکەنەوە".
ستوونی گوتیشی: "بۆ ناونووسینی چوونە حەج تەمەن نەکراوەتەوە پێوەر. هەروەها ئەوانەی ساڵانی پێشوو چوونەتە حەج، مافی ئەوەیان نییە دووبارە ناویان بنووسن".
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ـی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکاریان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردنەوە، لەو ژمارەیە 5120 بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
ئەم ساڵ 7ـی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ـی ئایار بوو.



