رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لەگەڵ دوو منداڵی لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە؛ هاوژینەکەی لێی جیابووەتەوە و دایک و باوکیشی حاشایان لێکردووە و وەریناگرنەوە. کۆمپانیایەکیش بەڵێنی داوە، کرێی ساڵێک و کەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابین بکات.
لە شەقامەکانی هەولێر، ژنێکی تەمەن 31 ساڵ لەگەڵ دوو منداڵە تەمەن 10 ساڵ و ساڵ و نیوەکەی، زیاتر لە هەفتەیەکە بێ پەناگە ماونەتەوە و شەوان لەناو پارک و لەسەر شۆستەکاندا بەڕێدەکەن.
ئەو ژنە و دەڵێت، "کەسوکارم حاشایان لێکردووم و هاوژینەکەشم تەڵاقی داوم و فڕێی داوینەتە سەر شەقام."
نەریمان جەمبەلی ئێستا چووەتە کەڵەک و خەڵکی دهۆکە؛ چیرۆکەکەی بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک لە تەمەنی 15 ساڵیدا بەهۆی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە لەگەڵ کوڕێک لە دهۆکەوە بەرەو قەزای خەبات رادەکات و ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن.
هەر لەو کاتەوە، خێزانەکەی بە یەکجاری پەیوەندیی لەگەڵدا دەپچڕێنن و حاشای لێدەکەن.
دوای 16 ساڵ لە ژیانێکی پڕ لە کێشە، سێ مانگ لەمەوبەر هاوژینەکەی لێی جیابووەتەوە و بەبێ هیچ بژێوییەک و ناسنامەیەک، خۆی و دوو منداڵەکەی لەسەر شەقام جێدەهێڵێت.
نەریمان جەمبەلی دەڵێت، زیاتر لە هەفتەیەکە شوێنمان نییە تێیدا بخەوین، کوڕە 10 ساڵانەکەم بەهۆی نەبوونی ناسنامە و کارتی نیشتمانی لە خوێندن بێبەش بووە، کچە بچووکەکەشم پێویستی بە شیر و سەرپەنایە، بەڵام هیچمان نییە.
هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردن بە کەسوکاری ژنەکە و هاوژینی پێشووی بێ ئەنجام بوون؛ هەردوولا خۆیان لەم خێزانە بێبەری کردووە و ئامادە نین هاوکارییان بکەن یان بیانگرنە خۆیان.
ئێستا ئەم دایکە و دوو منداڵەکەی لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین و رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە. ئەوان چاویان لە دەستی خێرخوازان و بەدەمەوەهاتنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتە، بۆ ئەوەی لەم بێلانەیی و سەرگەردانییە رزگاریان بکەن.
نەریمان جەمبەلی، ئێستا بە دوو منداڵەوە لەسەر شەقام دەمێنێتەوە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "نە هیچ شوێنێکم هەیە و نە کەسم ماوە پەنای بۆ ببەم. ژیانم لەگەڵ هاوژینی پێشووم زۆر ناخۆش بوو، لێی دەدام و خەرجییەکانی دابین نەدەکردین."
نەریمان گوتی: "هاوژینی پێشووم پێدانی منداڵەکانی کردە مەرجی جیابوونەوەمان، بۆیە رازی بووم دوای جیابوونەوە خەرجیی ئێمەی نەکەوێتە سەر."
ئەو دایکە ئێستا لەگەڵ دوو منداڵەکەی لە پارک و شەقامەکاندا دەمێنێتەوە و دەڵێت، "خەڵک و خاوەن چێشتخانەکان هاوکاریمان دەکەن و رۆژانە خواردنمان پێدەدەن، بەڵام منداڵەکانم بەهۆی گەرماوە ناتوانن بخەون. خۆزگەم ئەوەیە یەک ژوورم هەبێت و لەگەڵ منداڵەکانم بمێنمەوە."
نەریمان جەمبەلی، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵی داوە پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات، بەڵام بێسوود بووە و گوتی: "کەسوکارم رەتیانکردەوە هاوکاریم بکەن، لەکاتێکدا ئاگادارن لە دۆخم". ئەو دەڵێت، "تەنیا پەیوەندیم لەگەڵ دایکم ماوە. پێشتر ویستوومە کەسوکارەکەم ئاشت بکەمەوە، بەڵام رەتیدەکەنەوە. خۆشم دەمەوێت بگەڕێمەوە دهۆک."
سەبارەت بە هەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، نەریمان گوتی: "ئەمڕۆ لیژنەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سەردانیان کردم و لە دۆخم دەکۆڵنەوە."
بڕوا فارووق ، قایمقامی بەردەڕەش بە رووداوی راگەیاند: "[نەریمان]مان هێناوەتە لای خۆمان بۆ زانینی دۆخی و شوێنیشمان بۆ دابینکرد، بەڵام ئەو ژنە گوتویەتی کە دەیەوێت بگەڕێتەوە دهۆک و لەوێ بمێنێتەوە."
هەریەک لە قایمقام و بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەردەڕەش دەڵێن، لیژنەیان ناردووەتە لای ئەو ژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخ و ژیان. هەروەها دەڵێن، قسەیان لەگەڵ چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک کردووە و دۆسیەکەی تایبەتە بەو پارێزگایە و نەریمان خۆی داوای کردووە بنێردرێتەوە ئەوێ.
هاوکات رزا نایف، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک، بە رووداوی گوت: "دۆسیەکەمان پێگەیشتووە و لێکۆڵینەوە و کاری لەسەر دەکەین."
"کرێی ساڵێک و کەلوپەلی ناوماڵ"
لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمپانیای ئێم سەنتەر (M Center) ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی تەواوی ئەم خێزانە دەربڕی.
هاودەم حاتەم، نوێنەری کۆمپانیای ئێم سەنتەر کە لە بەرنامەکە ئامادە بوو رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی کاک ژیار زراری، خاوەنی کۆمپانیاکەمان، بڕیارماندا کرێی خانوو بۆ ماوەی 12 مانگ (ساڵێک) بۆ ئەم خانمە دابین بکەین لە هەر شوێنێک کە خۆی ئارەزووی دەکات، لەگەڵ دابینکردنی تەواوی کەلوپەلی ناوماڵ."
نوێنەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەنیا بە دابینکردنی خانوو ناوەستن، بەڵکو هاوکاری دەبن لە دەرهێنانی ناسنامە و کارتی نیشتمانی بۆ منداڵەکان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دایکەکە، تاوەکو بتوانێت لە داهاتوودا پشت بە خۆی ببەستێت.



