رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەردەوامە، نەخشەی 800 پارچە زەوی لە حاجیاوا پەسندکراوە. سەرۆکی شارەوانییەکانی راپەڕینیش رایگەیاند، ئەمڕۆ نەخشەی 824 پارچە زەوی لە چوارقوڕنە پەسند دەکەن.
رێباز پیرۆت، سەرۆکی شارەوانییەکانی راپەرین، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی نەخشەی کەرتی بۆ بەشێک لە پارچە زەوییەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین تەواو بووە و دەست بە قۆناخی داهاتوو دەکەین کە دابەشکردن و یەکخستنە."
وەک رێباز پیرۆت ئاماژەی پێکرد، جگە لەو 824 پارچە زەوییەی ئەمڕۆ پەسندی دەکەن، ئێستا 400 پارچە زەوی لە چوارقوڕنە ئامادەن بۆ دابەشکردن.
بە گوتەی سەرۆکشارەوانییەکانی راپەڕین، زیاتر لە 2500 پارچە زەویی ئامادەکراون بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن.
سەرۆکی شارەوانییەکانی راپەرین ئاماژەی بە گرفتەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرد و گوتی: "لە چوارقوڕنە گرفتی زەویی جووتیارانمان هەبوو و داوای قەرەبووی زیاتریان لە بڕی دیاریکراوی حکومەت دەکرد، بەڵام چارەسەرمان کرد." دەشڵێت ئێستا بۆ زەوییەکانی حاجیاواش رووبەڕووی هەمان گرفت بوونەتەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنەکە.
رێباز پیرۆت روونیکردەوە، ئەگەر کێشەی جووتیاران و پیشەوەران لە حاجیاوا چارەسەر بکرێ، ئەوا نەخشەی کەرتیی 2000 هەزار پارچە زەوییان ئامادەیە، بەڵام خاوەن زەویهیەکان ئەو نەخشەیان لا پەسەند نییە و داوای قەرەبووی زیاتر دەکەن
بە گوتەی رێباز پیرۆت، نزیکەی 7000 هەزار فەرمانبەر لە هەردوو ناحیەی چوارقوڕنە و حاجیاوا فەرمانی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە. گوتیشی: "ئەگەر قەرەبووی جووتیارانیش هەژمار بکەم زیاتر لە 7000 پارچە زەویمان لە هەردوو ناحیەکە هەیە."
لە سنووری راپەڕین 12 بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی هەن، وردبینی بۆ ناوی 24 هەزار فەرمانبەر کراوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین، لە ژمارەیە نزیکەی 9 هەزار و 500 فەرمانبەریان دەکەونە سنووری شارەوانیی رانیە و 14 هەزار و 500 فەرمانبەرەکەی دیکە دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی دیکەی ئیدارەی راپەڕین.



