رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی دهۆک بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵی لە بەنزینخانەکانی سنوورەکەی خستە واری جێبەجێکردنەوە و دەڵێ، هەر بەنزینخانەیەک پابەندی نرخە نوێیەکە نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووز بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە دهۆک چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و "تیمەکانمان لەسەر دوو ئاست چاودێریی دەکەن، چ بۆ کواڵیتیی بەنزینەکە و چ بۆ نرخەکەی."
قایمقامی دهۆک هۆشداری دایە خاوەن بەنزینخانەکان و گوتی، "هەرکەسێک پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر." ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هاوئاهەنگی داواکاری گشتی لە دهۆک بڕیارمان داوە، ئەو کەسەی پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرینەبەر."
سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی بەنزین بە نرخە نوێیەکە، بریندار حەیدەر گوتی، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان تەرخانی دەکەین و ئێمە بڕیار و رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین."
قایمقامی دهۆک داوای لە هاونیشتمانییان کرد هاوکاریان بن و رایگەیاند، "لەنێو بەنزینخانەکاندا ژمارە تەلەفۆن هەڵواسراوە. ئەگەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبوو، هاونیشتمانییان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."
ئەم رێنماییە نوێیە تەنیا بەنزینی نۆرماڵ دەگرێتەوە و وەک قایمقامی دهۆک روونیکردەوە، "هیچ رێنمایی و بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر دەرنەچووە."



