رووداو دیجیتاڵ
نرخی گازی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی و بەرپرسانیش دەڵێن، بەردەوامیی دابەشکردنی گازی حکومی و کەمبوونەوەی خواست بەهۆی وەرزی گەرماوە، نرخی لە بازاڕی بازرگانیدا شکاندووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی گازی ماڵان بەراورد بە دوو رۆژ پێش ئێستا دابەزیوە. ئێستا لیترێک بە 825 دینارە، لە کاتێکدا دوو رۆژ پێش ئێستا بە 925 دینار بوو."
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینەکە، جەنگی مەجید گوتی، بەهۆی گەرماوە ئێستا گاز تەنیا بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکاردەهێندرێ و هەربۆیە خواست لەسەری کەم بووەتەوە؛ باسی لەوەش کرد: "سێ رۆژ جارێک 35 هەزار بوتڵ گازی حکومی بە کۆبۆن و بە نرخی 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکرێ، ئەوەش کاریگەری هەبووە".
لە پارێزگای دهۆکیش نرخ دابەزیوە. کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "بە پاڵپشتیی پارێزگار، قایمقامیەت و دەزگای ئاسایش، نرخ جێگیر کراوە و لە سەنتەری دهۆک لیترێک گازی بازرگانی بە 700 دینارە."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، دابەشکردنی گازی حکومیش بە 8 هەزار و 500 دینار بەردەوامە.
ئەم دابەزینەی نرخ لە کاتێکدایە، رۆژی 16-07-2026 کۆمپانیای (دانە گاز) رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ رادەگرێ، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل (LPG) و سووتەمەنییە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە سلێمانی و هەڵەبجەش چاودێریی لەسەر بازاڕ هەیە. فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت بە رووداوی گوت: "گازی حکومی بە 8 هەزار و 500 دینار بەردەوام دابەش دەکرێ و لیژنەکانمان چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی گازی بازرگانیش بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان."
هاوکات سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "خواست لەسەر گازی بازرگانی کەمبووەتەوە، چونکە گازی حکومی هەیە و رۆژانە دابەشکردن بە 8 هەزار و 500 دینار بەردەوامە."
پێش تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و تاوەکو 15-07-2026، لیترێک گازی شل لە بەنزینخانەکان تەنیا بە 400 دینار بوو، واتە پڕکردنەوەی بوتڵێکی بازرگانی بە نزیکەی نۆ هەزار دینار دەوەستا، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵ، کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، نرخی بوتڵێک گازی ماڵان گەیشتە نزیکەی هەزار دینار.
.jpg&w=3840&q=75)



