رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری دا بە داشکاندن بە رێژەی 50٪ بۆ قەرزی کارەبای سەر هاونیشتمانییان و جێگیرکردنی نرخی بەنزینیشی پەسند کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە داشکاندن بە رێژەی 50٪ بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا لەسەر هاونیشتمانییان پێش پڕۆژەی رووناکی.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی 20٪ی سەر سزای هاتووچۆی تاوەکو 31ی 12ی ئەم ساڵ درێژ کردەوە.
بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنەکە پەسندکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بوو بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین.
سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچەش، بەپێی نووسراوێک کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، چەند پێشنیاز و رێنماییەکی نوێ بۆ مۆڵەتی بێ مووچە خراونەتەڕوو و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دا پەسندکران.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، فەرمانبەرانی ئاسایی دەتوانن بۆ پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەبگرن، هەروەها دەکرێ دوای دەستبەکاربوونەوەیان جارێکی دیکە مۆڵەتەکەیان درێژبکرێتەوە، بە مەرجێک کۆی گشتیی ساڵانی مۆڵەتەکە لە 10 ساڵ تێنەپەڕێ.
بەڵام رێکارەکان بۆ مامۆستا، پزیشک و دەرمانسازەکان جیاوازە، بەوپێیەی ئەو توێژانە تەنیا مافیان هەیە بۆ دوو ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن.
سەرۆکایەتیی دیوان ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی رێنماییە داراییەکانی ساڵی 2020، هەر فەرمانبەرێک لە دوای 2020/6/18 مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت، ئەو ماوەیەی وەک "خزمەت" بۆ هەژمار ناکرێت.
لە بەشێکی نووسراوەکە تیشک خراوەتەسەر ئەو فەرمانبەرانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەکەن و ئاماژە بەوە دراوە کە بەشێکی ئەو فەرمانبەرانە ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو بووە یان ئامادە نین بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان تاوەکو رێکارە یاساییەکانی دەستبەکاربوونەوە ئەنجام بدەن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت و کەمیی میلاک لە هەندێک فەرمانگەدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتەکەیان تەواو بووە و دەڵێت، "لە حاڵەتی تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکان و دەستبەکارنەبوونەوەیان، کۆتایی بە راژەکانیان دەهێندرێت."



