رووداو دیجیتاڵ
چەند مامۆستایەکی گرێبەست لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان داوا دەکەن دەوامی هاوینەیان هاوشێوەی مامۆستایانی میلاک رێکبخرێتەوە و رایدەگەیێنن، سەرەڕای نەبوونی خوێندکار، هەفتەی پێنج رۆژ دەوامیان پێ دەکرێ. سەرۆکی زانکۆکە باس لەوە دەکات، دەوامی فەرمانبەرانی گرێبەست بەگوێرەی رێنماییەکان رێکخراوە.
یەکێک لە مامۆستایانی گرێبەستی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دامەزراوین و ناسناوی زانستیمان هەیە. لەم وەرزی هاوینەدا هیچ قورسایی و لۆدێکی خوێندن لەسەرمان نییە، بەڵام هەفتەی پێنج رۆژ دەواممان پێ دەکەن. داوا دەکەین ئێمەش وەکو مامۆستایان و فەرمانبەرانی میلاک سوود لە دەوامی نۆرە ببینین."
لە بەرامبەردا، د. مەنهەل ئیلهام، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بۆ رادیۆی رووداو روونیکردەوە، پابەندبوونی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بە دەوامی تەواوەوە بەپێی رێنماییە یاساییەکانە و گوتی: "رێنمایی فەرمانبەرانی گرێبەست بەو جۆرەیە کە دەبێت دەوامی تەواوبکەن واتە هەفتەی پێنج رۆژ. ئەم رێنماییانە بۆ هەموو هەڵگرانی ناسناوی زانستی یان بڕوانامەی باڵاش یەک شێوازە و ناگۆڕێ."
سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ ئاماژەی بە چاودێریی دامەزراوە فەرمییەکان کرد و گوتی: "ئێمە بەرپرسین لە کاروباری زانکۆکە. لەبەرامبەر دەستەی دەستپاکی و لیژنەکانی چاودێری کارگێڕی بەرپرسین بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان. بەپێی یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، هەموو فەرمانبەرانی گرێبەست شێواز و کاتی دەوامکردنیان دیاریکراوە و رێکخراوە."



