رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "پاکلاند" لە هەولێر، بەدەست نەبوونی پێوەری کارەبای نیشتمانی و بڕانی بەردەوامی کارەبای مۆلیدە دەناڵێنن. ئیدارەی پڕۆژەکەش دەڵێت: "وەزارەتی کارەبا مامەڵەی هاوبەشیکردنی بۆ دانیشتووانەکەمان راگرتووە." پڕۆژەی پاکلاند کە دەکەوێتە پشت شاری یاریی ماجدی لاند لە سنووری ناحیەی کەسنەزان، دوو ساڵە ئاوەدانە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی، بەتایبەتی کارەبا، چارەسەر نەکراوە. هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڵگەنامەیان لێ وەرگرتووین بۆ بەستنی پێوەری کارەبا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێوەرێک دانەنراوە و یەک پسووڵەی کارەبای نیشتمانیشمان بۆ نەگەڕاوەتەوە." ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبای مۆلیدەی پڕۆژەکە بەهۆی لۆدی زۆرەوە بەردەوام دەبڕێت، جگە لەوەی بەشێک لە ئاسانسۆرەکان کامێرای چاودێرییان تێدا نییە، "ئەمەش مەترسی بۆ سەر سەلامەتیی منداڵەکانمان دروستکردووە." بەشی خزمەتگوزاریی پڕۆژەی پاکلاند لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، هۆکاری کێشەکە بۆ وەزارەتی کارەبا دەگێڕێتەوە و رایدەگەیێنێت: "تەواوی ژێرخانی کارەبای پڕۆژەکەمان لە سەرەتای 2025ـەوە ئامادەکردووە، بەڵام وەزارەتی کارەبا پرۆسەی تۆمارکردنی هاوبەشی نوێی راگرتووە." سەبارەت بەم کێشەیە، سائیب حاجی هاروون، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: خزمەتگوزاریی ئەم پڕۆژانە پەیوەندیی بە ئیدارەی شارەکە و دەستەی وەبەرهێنانەوە هەیە. بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان بەڵێنی دا کە "بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوبەشیکردنی کارەبای دانیشتووانی پڕۆژەکە."
هەواڵە ناوخۆییەکان22-07-2026خاوەن مارکێتێک لە هەولێر: بەهۆی قۆرخکاریی مارکێتە گەورەکان خەریکە مایەپووچ دەبین