رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی مارکێتێک لە گەڕەکی منارەی هەولێر دەڵێت: بەهۆی "قۆرخکاریی" مارکێتە گەورەکان و گوشاریان بۆ سەر کۆمپانیاکانی دابەشکردنی خۆراک، لە لێواری مایەپووچبووندان. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێریش دەڵێت: "بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەین."
نوورییە عەزیز میراز، خاوەنی مارکێتی "سەکۆی منارە" لە هەولێر، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە سەرمایەی 110 هەزار دۆلار (11 دەفتەر دۆلار) مارکێتێکیان داناوە و شەش کارمەندیان تێدا دامەزراندووە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی "ئاستەنگییەکی جیددی" بوونەتەوە.
نوورییە عەزیز ئاماژە بەوە دەکات: چەند مارکێتێکی گەورەی ناوچەکە، کۆمپانیا و براندە ناسراوەکانی خۆراک و پاککەرەوەیان ناچارکردووە تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن و کاڵا نەدەنە مارکێتە تازە و بچووکەکان.
ئەو خاوەن مارکێتە دەڵێت: "کۆمپانیاکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ئامادە نین کاڵامان پێبفرۆشن. سەرەڕای ئەوەی دوو کیلۆمەتر لە مارکێتێکی گەورە دوورین، بەڵام دەنگ و بەڵگەم لەلایە کە هەڕەشەمان لێدەکەن و دەڵێن کەس بۆی نییە لێرە کار بکات."
سەبارەت بەم کێشەیە، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: ئەوان سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کەیسەکە تاوەکو بگەنە ئەنجام.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر داوای لە خاوەنی مارکێتەکە کرد: بە شێوەیەکی فەرمی سکاڵاکەیان پێشکەش بکەن تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر قۆرخکارییەک بگرنەبەر.
خاوەنی مارکێتەکە دەڵێت: پێشتر سکاڵایان گەیاندووەتە قایمقامییەت، بەڵام بەهۆی "رۆتینیاتەوە" تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و زیانەکانیان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.



