رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای شێخان رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە دەستپێدەکات و نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن. راشیگەیاند، پارێزگاری نەینەوا دانی بەوەدا ناوە کە حکومەتی فیدراڵی لە ئاست خزمەتگوزارییەکانی شێخان "کەمتەرخەم" بووە.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لە کاتی بەشداریکردن لە بۆڵتەنی کاژێری 17ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تیمەکانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک یەک تیم کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەت بۆ پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.
قایمقامی شێخان گوتی: "لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەکە دەستپێدەکات. سەرەتا لە شارەوانیی کەلەکچییەوە دەستپێدەکەین، پاشان قەسرۆک، ئەتروش و باعەدرێ، لە کۆتاییشدا دەگەینە سەنتەری قەزای شێخان."
بەگوتەی قایمقام، نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەر لە تەواوی سنوورەکە زەوی وەردەگرن و هەر کەسێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی زەوییەکەی پێدەدرێت.
سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی لە سنوورەکەی، سەردار شێخ یەحیا رایگەیاند، دوای بڕیاری سەرۆکی حکومەت، نرخەکان جێگیرکراون و لیژنەی چاودێرییان هەیە بۆ رێگری لە هەر گرانفرۆشییەک.
شێخان ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، قایمقامی شێخان گوتی: "پارێزگاری نەینەوا خۆی دانی بەوەدا نا کە ئیدارەی خۆجێیی نەینەوا و حکومەتی فیدراڵی بەرامبەر شێخان کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ نەکردووە."
بەپێی ئامارەکانی قایمقام، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 4 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 280 ملیار دیناری لە سنووری شێخان خەرج کردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی و ئیدارەی نەینەوا نەیانتوانیوە تەنیا 20 ملیار دیناریش خەرج بکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دەبووایە تەواوی بودجەکە دابین بکەن.
قایمقامی شێخان رایگەیاند دوو راپۆرتیان داوەتە پارێزگاری نەینەوا، کە تێیدا کۆمەڵێک داواکاری گرنگی خەڵکی ناوچەکەی تێدا بووە، لەوانە: دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کە لە ساڵی 2023ـەوە بەڵێنی دروستکردنی دراوە و زەویشی بۆ تەرخان کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە. پڕۆژەی رێگەوبان، نۆژەنکردنەوەی رێگەی ستراتیژیی نێوان شێخان-باعەدرێ و رێگەی پەرستگەی لالش.
هەروها بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا داوای دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی دابەشکردنی کارەبا لە سەنتەری قەزاکە کراوە.

