رووداو - دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە - قەندیل راگەیاند، 70٪ـی کارەکانی تونێلی ماوەران تەواو بووە و سەرەتای ساڵی داهاتوو دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، بەمەش رێگەی نێوان هەولێر و سۆران 20 خولەک کورت دەبێتەوە.
رۆژی 22ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد وەلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی رێگەی کۆڕێ – شەقڵاوە- قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تونێلی ماوەران لە ژێر کارکردندایە و 70٪ـی کارەکانی تەواو بووە، ئێستا تەنیا سیستەمی رووناککردنەوە ماوە بۆ پڕۆژەکە دابنرێت و کاری ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسەکان تەواو بکرێت."
لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی کارەکانی رێگەکە، هەڵگورد وەلی گوتی: "درێژیی هەردوو سایدەکە 10 کیلۆمەترە و کارەکانی تەواو بووە، لە مانگی 10 رێگەکە بە یەکجاری تەواو دەبێت، هەروەها لە مانگی 12 سیستەمی رووناککردنەوەکە تەواو دەکرێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو تونێلەکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە."
مانگی یەکی ساڵی 2025 دەست بە کارکردن لە تونێلەکە کرا. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت:"ماوەی پڕۆژەکە دوو ساڵ بوو و دەبووایە تاوەکو 27-01-2027 تەواو بێت، بەڵام پێش وادەی خۆی کارەکانی تەواو دەبن، سەرەڕای ئەوەی گۆڕانکاریی زۆر لە کارەکاندا روویدا و پێداویستی نوێی بۆ زیاد کرا، بەڵام ماوەکەمان درێژ نەکردەوە."
بودجەی تونێلی ماوەران، 95 ملیار دینارە؛ ئەو تونێلە رێگەی هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبەستێتەوە و 20 خولەک رێگەکە کورتتر دەکاتەوە، جگە لەوەش جەنجاڵی لەنێو شاری شەقڵاوە کەم دەکاتەوە.



