رووداو دیجتاڵ
کەمیی بەنزین لە هەولێر بەردەوامە، بەڵام هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ دەستەبەرکردنی بەنزین بەردەوامن. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ لە 41 بەنزینخانە بەنزینی نۆرماڵ دابەش دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی وەزاریدا 20ـی تەمموز رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتر نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، لەدوای ئەو رێککەوتەوە بەنزین لە زۆربەی بەنزینخانەکان نەماوە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوون و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت بەردەوامە و هەموو هەوڵێک هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و زۆربوونی بەنزین، بڕیاری دابەزینی نرخ بڕیارێکی باشە، بەڵام کاتی دەوێت".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە هەولێر 286 بەنزینخانە هەن و بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ رۆژانە پێویستییان بە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ لە 41 بەنزینخانەی نێو شاری هەولێر بەنزینی حکومی دابەش دەکرێ لیتری بە 750 دینار کە نزیکەی ملیۆنێک لیترە، هەروەها نزیکەی 300 هەزار لیتر بەنزینی 850 دیناری دابەش دەکرێ و 250 هەزار لیتریش لە دەرەوە هاوردە دەکرێ، واتا بەشێکی سەرەکی بەنزینی نۆرماڵ پڕکراوەتەوە".
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری بەنزینخانەکانی هەولێر گەڕاون و بەنزینی سووپەر و موحەسەنیان نەبووە، یان خاوەن بەنزیخانەکان ئامادە نین بە نرخی دیاریکراوی حکومەت بیفرۆشن.
بەرپرسێکی ئاگادار بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەنزینی سوپەر و موحەسەن دەدرێتە چەند بەنزینخانەیەکی کەم و بە نرخی حکومەت دەیفرۆشن، بەڵام بڕەکەی هێندە نییە داواکاری خەڵک پڕبکاتەوە".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری دۆخەکەیە، "حکومەت لەسەر هێڵە و دەیەوێ دۆخەکە چارەسەر بکات، بەڵام دەبێت خەڵکیش ئارام بگرێت و چەند رۆژێک چاوەڕێ بکات، ئەوانەی سێ ئۆتۆمبێلیان هەیە یەک دانە کار پێبکەن و بەشێکیش دەتوانن بە پاس هاتووچۆ بکەن، تاوەکو دۆخەکە هێور دەبێتەوە و بەنزین زۆر دەبێت، چونکە بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت".
بەشێک لە خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، تێچووی هاوردەکردنی لیترێک بەنزینی موحەسەن نزیکەی 1500 دینارە، بۆیە ناتوانن بە نرخی حکومەت بیفرۆشنەوە.
ئەو بەرپرسە ئاگادارە لە وەڵامی خاوەن بەنزینخانەکان گوتی: "راستە لیترێک بەنزینی هاوردەکراوی موحەسەن یەک دۆلارە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە بتوانێت هاوکاریی بکات لە دابەزینی نرخەکەدا، لە رۆژانی داهاتوودا هەموو شتێک روون دەبێتەوە، ئەوەی هەیە ئەوەیە، جارێکی دیکە نرخ بەرزنابێتەوە و وەکو پێشوو کە لیترێک گەیشتە نزیکەی 2000 دینار".
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە، 20ی تەمموز گەیشتە گەیشتە 1400 دینار. هەروەها 7ـی تەمموز نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبووە و بە چەند قۆناخێک گەیشتە 1150 دینار. بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رێگری بوو لە بەرزبوونەوەی نرخ لە "بەرژەوەندیی هاووڵاتییان".

