رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە سنووری گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی بوومەلەرزەیەک روویدا و چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، هەستیان بە جووڵەی زەوی کردووە. شارەزایەکی بوومەلەرزەزانی دەڵێ، نزیکیی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی زەوی هۆکاری هەستپێکردنەکەی بووە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بوومەلەرزەکە کاژێر 10:40 بە گوڕی 3.7 پلەی رێختەر و لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتری زەویدا روویداوە".
شاڵاو هیدایەت گوتی، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی تەپە سپی بووە لەنێوان قەزای کفری و ناحیەی قادر کەرم؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "قووڵایی بوومەلەرزەکە حەوت کیلۆمەتر بووە؛ بۆیە هەستی پێکراوە. تاوەکو قووڵایی کەمتر بێ، زیاتر هەستی پێدەکرێ".
بە گوتەی شاڵاو هیدایەت، زۆرینەی بوومەلەرزەکان ئەگەر پلەکەیان نەگاتە پێنج پلەی رێختەر بەرەو سەرەوە، زیانیان نابێت.
ئەو شارەزایەی بوومەلەرزەزانی گوتی، کاژێر 12:37 بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25ـی تەمموز، لە ناوچە سنورییەکانی نێوان قەزای چوارتا لە پارێزگای سلێمانی و شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.1 پلەی رێختەر روویداوە.
قووڵایی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج کیلۆمەتر بووە، بۆیە بەشێکی هاونیشتمانیانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەستیان پێکردووە.


.jpeg&w=3840&q=75)
