رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێ، 85%ـی قیرکردنی رێگەی ناحیەی سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵ بۆ قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی تەواو کراوە. بەڕێوەبەری رێگەوبان دەڵێ، لە دوو مانگی داهاتوودا رێگەکە بە فەرمی دەکەنەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی سەنگاو بۆ دەربەندیخان لە تەواوبووندایە".
پڕۆژەکە ئایاری ساڵی رابردوو لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەوە بەردی بناخەی دانرا. وەزارەتەکە دەڵێ: "پڕۆژەکە بە درێژایی 18 کیلۆمەترە و بە چوار قۆناخ بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێ".
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنەوەی رێگەوبانی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ 25ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو رێگەیە ساڵی 1975 دروستکرابوو. 25 کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و 18 کیلۆمەتری بە تەوای تێکچووبوو. ئێستا 18 کیلۆمەترەکە قیرتاوکراوەتەوە".
بەڕێوەبەری رێگەوبانی چەمچەماڵ گوتی، قیرکردنی رێگەکە تەواو کراوە و هاتووچۆ بەسەریدا دەکرێ، بەڵام بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە و جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی، نزیکەی دوو مانگی دیکەی پێویستە و دوای ئەوە بە فەرمی دەکرێتەوە.
رێگەکە یەک ئاراستەیە، لە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە دانیشتووانی نزیکەی 50 گوند سوود لە رێگەکە وەردەگرن، جگە لە دانیشتووانی ناحیەی سەنگاو، قەزای دەربەندیخان و گوندەکانی دەوروبەری.


