رووداو دجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، بارهەڵگری دوو تۆنی دووکەڵی رەش زۆر دەردەدەن و ژینگە پیس دەکەن. گوتەبێژی دەستەی ژینگە بە هاونیشتمانییان دەڵێ، ڤیدیۆکانیان بنێرن، سزا دەدرێن.
هاونیشتمانییان دەڵێن، دووکەڵی بارهەڵگری دووتۆنی بێزاری کردوون و مەترسی نەخۆشیشی بڵاوکردووەتەوە. گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "ئەوە یەکێکە لە کێشەکانمان لە هەموو کوردستان، نەوەک تەنیا لە شارێکی دیاریکراو".
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 26ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نیگەرانی هاونیشتمانییان لە جێگەی خۆیدایە. ئەو بارهەڵگرە دوو تۆنییانە کە فلتەرەکانیان تێکدەچێ، دووکەڵێکی زۆر دەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیێنن".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە داوای لە هاونیشتمانییان کرد، "ئەگەر بتوانن ڤیدیۆی هەر بارهەڵگرێک کە دووکەڵی رەش دەکات بیگرن و بینێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگە لە سنووری خۆتان، بەرپرسانی ژینگە بە هاوئاهەنگی پۆلیسی هاتووچۆ لێکۆڵینەوە دەکات و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە پێبژاردن سزا دەدرێ".
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2021مان هەیە کە تایبەتە بە کواڵیتی هەوا. لەو چوارچێوەیەدا بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ".
بارهەڵگری دوو تۆنی یان هەموو ئەو بارهەڵگرانەی بە گازوایل کار دەکەن، لەکاتی کۆنبوون یان تێکچوونی فلتەرەکانیان دووکەڵی رەش و ژەهراوی دەردەدەن، ئەگەر بارەکەیان زیاتربێ لە توانای خۆی دووکەڵەکە زیاتر دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی: "زۆرینەی شۆفێرەکان دەڵێن کاسبکارن و ناتوانن فلتەر بگۆڕن، چونکە پارەکەی زۆرە و دەچن چاکی دەکەنەوە. چاککردنەوەش بۆ ماوەیەکی کورتە و دووبارە تێکدەچێتەوە".
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی، داوایان کردووە پۆلیسی هاتووچۆ لەنێو شار و بازگەکاندا چاودێری هەموو ئەو بارهەڵگرانە بکات کە دووکەڵی رەش دەکەن و بە پێبژاردن ناچاریان بکەن ئۆتۆمبێلەکانیان چاکبکەنەوە.
لەبارەی بڕی پێبژاردنەکەوە گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ئاماژەی بەوەکرد، سزادان و پێبژاردن لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و ئەوان سزاکان دیاری دەکەن.

