رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی دارەتووی نوێ لە هەولێر گلەیی لە نەبوونی ئاو لە گەڕەکەکەیان دەکەن و دەڵێن، ناچارن ئاو بکڕن. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دارەتووی نوێش دەڵێ، تاوەکو 24 کاژێری دیکە گرفتی بەشێکیان چارەسەر دەکرێ.
رێبوار محەممەد، نیشتەجێی گەڕەکی دارتووی نوێیە و دەڵێ، 10 رۆژە ئاو بۆ گەڕەکەکەیان بەرنەدراوەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لەم 10 رۆژەدا 60 هەزار دینارم داوە بە ئاو."
ئەو هاونیشتمانییە رایگەیاند، پێشتر کێشەی بێ ئاوییان نەبووە و دوو رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرایەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چەند جارێک سەردانی فەرمانگەی ئاوی دارەتوومان کردووە و لە بابەتەکە ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرفتەکەمان چارەسەر نەکراوە."
لەم بارەیەوە ئامانج عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دارەتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "35 ماڵ لە دارەتووی نوێ ئاویان پێناگات، هۆکارەکەیشی گرفتی کارەبای نیشتمانییە. سەرچاوەی ئاوی ئەو ماڵانە بیری 28ـە و بەهۆی بڕانی کارەباوە ئاوی بیرەکە ناگوازرێتەوە بۆیان."
ئامانج عەبدولڕەحمان رایگەیاند، کێشەی بەشێکیان لە 24 کاژێری داهاتوودا چارەسەردەکەن و گوتی: "ئاوی 15 ماڵیان دەگوازینەوە بۆ سەر بیری 68 و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."
لە بارەی 20 ماڵەکەی دیکەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دارەتوو گوتی: "ئەوان بیرەکەیان نەبەستراوەتەوە بە کارەبای بەردەوامەوە و لەسەر موەلیدەکانی گەڕەکەکە بوون، ئێستا بەشێک لە موەلیدەکان لابراون. بەڵام بەدواداچوون دەکەین و ئاوی ئەو 20 ماڵەش دەگوازینەوە سەر نزیکترین بیر."
رێبوار محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی دارەتوو ئەوەشی خستەڕوو کە بۆری ئاویی فریاگوزاری ئاوی هەولێر هەیە، کەچی تاوەکو ئێستا لە بیرەکانەوە ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.
لەم بارەوە ئامانج عەبدولڕەحمان رایگەیاند: "پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بۆ گەڕەکی دارەتووی هەولێر جێبەجێکراوە و بەشی زۆری کارەکانی تەواو بوون،" مژدەی ئەوەیشی دا بە هاونیشتمانییانی ئەو گەڕەکەی هەولێر کە تاوەکو 20 رۆژی دیکە ئاوی پرۆژەکەیان پێدەگات.

