رووداو دیجیتاڵ
لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کارکردنی موەلیدەکان دەستیپێکردووە و وەرگرتنی کرێی ئەمپێر بەگوێرەی شارەکان جیاوازە و بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردن، نرخی ئەمپێر دیاریکراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەولێر بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دینار وەرگیراوە لە بەرامبەر 165 کاژێر کارکردنی موەلیدەکان. لە سلێمانی هەشت هەزار دینار بۆ کارکردنی 125 کاژێر موەلیدە وەرگیراوە، لە دهۆک ئەمپێرێک بۆ مانگێک نزیکەی 15 هەزار دینار دەبێت و لە هەڵەبجە بۆ 125 کاژێر کارکردن حەوت هەزار و 500 دینار وەرگیراوە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ 26ـی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ پارێزگاری هەولێر رێککەوتین بۆ 165 کاژێر کارکردنی موەلیدەکان بۆ دوو مانگ 10 هەزار دینار بۆ ئەمپێرێک وەربگرین و حەوت رۆژە موەلیدەکانمان کار دەکەن".
خۆرانی گوتی، "ئەو پارەیەی وەرگیراوە بۆ 165 کاژێرە، ئێستا کارەبا کەم بووەتەوە و ناگاتە دوو مانگ ئەو 165 کاژێرەی کارکردن تەواو دەبێ، ئێمە حەوت رۆژە کار دەکەین و نزیکەی 60 کاژێر کارەبامان داوە، هەندێک گەڕەک رۆژانە موەلیدەکانیان 10 کاژێر کار دەکەن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێ، هەرکاتێک 165 کاژێر کارکردنی موەلیدە تەواو بوو، ئەگەر کەمتر لە مانگێکیش بێ، دەبێ دووبارە پارە کۆبکەنەوە.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارکردنی موەلیدەکان بەردەوامە، بۆ 125 کاژێر کارکردن هەشت هەزار و 500 دینار بۆ ئەمپێرێک وەرگیراوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پارەیە بۆ ئەو بڕە کاژێرەی کارکردن دیاریکراوە و ئەگەر هەر موەلیدەیەک کارکردنی بگاتە 125 کاژێر ئەوە دووبارە پارە کۆ دەکاتەوە.
جیاواز لە سلێمانی و هەولێر، لە دهۆک وەرگرتنی پارەی موەلیدە هاوشێوەی پێش پڕۆژەی رووناکی کراوە بە مانگانە. سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سنوورەکە دەڵێ، کۆتایی ئەم مانگە نرخ دیاری دەکەن.
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدەکانی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو کارەبایەی هەیە، پێشبینی دەکەین بۆ ئەم مانگە نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 14 بۆ 15 هەزار دینار بێت".
لە هەڵەبجەش لە بەرامبەر 125 کاژێر کارکردنی موەلیدەکان، بۆ یەک ئەمپێر حەوت هەزار و 500 دینار لە هاونیشتمانییان وەرگیراوە.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 41 موەلیدە لە سنوورەکەیان کار دەکەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
16ـی تەممووز، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیراوە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبای 2500 مێگاوات کەمیکردووە، لەو کاتەوە کارەبای 24 کاژێری کەم بووەتەوە و دووبارە موەلیدەکان دەستیان بەکار کردووە.



