محەممەد خالیس
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا 93%ی هاونیشتمانییانی پارێزگای دهۆک لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆڕمی خۆراکدا تۆمار کراون و بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی، پێویستە هەر هاونیشتمانییەک لە ماوەی ساڵێکدا ناوی خۆی لەو سیستمەدا تۆمار بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، حوسێن سەبری، بەرێوەبەری فۆڕمی خۆراک لە پارێزگای دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی نوێترین ئامارەکان لە پارێزگای دهۆک، تاوەکو ئێستا 93%ی هاونیشتمانییانی پارێزگاكە خۆیان لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەدا تۆمارکردووە و تەنیا 7%یان ماون."
حوسێن سەبری دەڵێ: "هۆکاری تۆمارنەکردنی ئەم رێژە کەمهش بۆ چەند ئاستەنگێک دەگەڕێتەوە، لەوانە: نەبوونی کارتی نیشتمانی، پێکهێنانی خێزان لەگەڵ هاووڵاتییانی بێگانە، یان چوونە بۆ دەرەوەی وڵات."
بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراکی دهۆک رایگەیاند، سیستمەکە بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و جەختی کردەوە: "هاونیشتمانییان دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیانەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەتەوە مامەڵەکانی وەک (گواستنەوەی بەشەخۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە، زیاکردن و کەمکردنی ئەندامانی خێزان، تۆمارکردنی هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بکەن. تەنیا ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک لە سیستەمەکەدا تۆمار نەکراون، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن."
حوسێن سەبری، لە ریگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە: "کێشەی نەبوونی کارتی نیشتمانی و قەرەباڵخیی بەڕێوەبەرایەتییەکان چارەسەر بووە، داوا دەکەم کارەکانی خۆیان تەواو بکەن تاوەکو بتوانن لە سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆڕمی خۆراکدا تۆمار بکرێن."
گوتیشی: "بەهۆی ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەکەوە، دیاردەی دووبارەبوونەوەی ناو لە لێستەکاندا بە تەواوی نەماوە."
لە بارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکەوە، بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراک، ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر رژدە لە دابینکردنی خۆراکی شایستە بۆ هاونیشتمانییان و دەڵێ: "پێشتر هەندێکجار بەشەخۆراک بە ناتەواوی دەگەیشت، بۆ نموونە زەیت، برنج یان شەکر لە بەشەخۆراکەکەدا نەدەبوو. بەڵام نزیکەی دوو بۆ سێ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمەی رەتکردووەتەوە و بەپێی رێنماییەکان، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت بەشەخۆراک دابەش بكرێت تاوەکو کۆی بەشەکان تەواو نەبێت."
ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئهم ساڵ نزیکەی هەشت بەشەخۆراکی تەواو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت و رێگەش نادرێ هیچ مادەیەک لە بەشەخۆراکی مانگانە کەم بکرێتەوە."
مامەڵەکانی وەک گواستنەوە و هاوسەرگیری و جیابوونەوە بەردەوامە، بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراکی دهۆک ئاگاداری ئەو هاونیشتمانییانە دەکاتەوە و دەڵێ: "ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن و تاوەکو ئێستا ناویان لە سیستەمەکەدا تۆمار نەکراوە؛ پێویستە لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە و کارتی نیشتمانی دەربێنن و خۆیان لە سیستمی ئەلیکترۆنیدا تۆمار بکەن، ئەگەر نا لە داهاتوودا بەشەخۆراکی مانگانەیان پێ نادرێت."



