رووداو دیجیتاڵ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، پیاوێکی تەمەن 63 ساڵان لەناو مزگەوتێکی شاری کەلار بە گولـلە کوژرا. پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "بکوژەکە هەڵاتووە و خزمی کوژراوەکەیە." رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سۆران محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو لەناو مزگەوتی تەقوا لە شاری کەلار، هاووڵاتییەک بە ناوی (کەرەم ئیبراهیم رەمەزان) تەمەن 63 ساڵ، لەلایەن خزمێکی خۆیەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "ئەو هاووڵاتییە بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گولـلەکە بەر سینگی کەوتووە، گیانی لەدەستداوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوانیاندا." لەبارەی رێکارەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، سۆران محەممەد گوتی، "بکوژەکە دوای تاوانەکە هەڵاتووە، رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و تیمەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن." تەرمی کوژراوەکەش رەوانەی دادپزیشکی کراوە، پۆلیس چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پزیشکن.
هەواڵە ناوخۆییەکان26-07-2026وەک تاقیکردنەوە سبەی لە هەولێر دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات