رووداو دیجیتاڵ
سبەی سێشەممە لە 26 بەنزینخانەی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت، کە 12 لەو بەنزینخانانە تەنیا بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەشی دەکەن.
رۆژی دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ وەک تێست لە بەنزینخانەیەکی هەولێر بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەشکرا و زۆر سەرکەتوو بوو و گوتی: "لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆوە هیچ نۆرەیەک نەمابوو، لە کاتێکدا رۆژانی پێشتر تاوەکو درەنگ نۆرە هەبوو، بۆیە بڕیارمان دا ژمارەی ئەو بەنزینخانانە زیاد بکەین، کە بە کارت کار دەکەن."
ئەو بەرپرسەی نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتیشی: "لە داهاتوودا ئەگەر پڕۆسەی ئەلکترۆنییەکە سەرکەتوو بوو، بەنزینخانەی دیکەشی بۆ زیاد دەکەن".
بەگوتەی سالار محەممەد، ئەو 26 بەنزینخانەی سبەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، چواریان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن و ئەوانی دیکە لە هەولێرن.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رۆژی دووشەممە رایگەیاند، سبەی، 12 بەنزینخانە دیاریکراون بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان کارتی ئەلیکترۆنییان لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ وەرگرتنی بەشە بەنزینەکەیان.
ئەو بەنزینخانانەی سبەی بە کارتی ئەلیکترۆنی بەنزین دابەش دەکەن:
گەل - لە پیشەسازیی باشوور
سیار لە رێگای بەحرکە
یاسەمین لە 100 مەتری - فامیلی مۆڵ
کاریا لە 32ی پارک
سێتاقان لە 60 مەتری
هاوێنە هەوار لە رێگای پیرمام - نزیک شاوێس
مۆدێری ئینێرگی لە 150 مەتری - رێگای کەسنەزان
قوشتەپە لە قەزای قوشتەپە
وزە لە رێگای بنەسڵاوە)
سەن ئۆیل لە رێگەی کەسنەزان - کۆرنیش
سەن ئۆیل لە رێگای مەخموور
زیاد لە رێگەی دارەتوو - بنەسڵاوە
ئەم رێکارە نوێیە وەک هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رێکخستنەوەی پڕۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی بە نرخێکی گونجاو بەسەر هاووڵاتییاندا. هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا چارەسەری قەیرانی بەنزین بکەن بە جۆرێک بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆبووەنەوەکەدا بڕیاردرا نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە 850 دینار بمێنێتەوە، هەروەها سووپەر و موحەسەن بەپێی نرخی بازاڕ جێگیربکرێن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە 50 هەزارەوە بەرمیلەوە بۆ 126 هەزار و 750 بەرمیل زیاد بکات.
.jpg&w=3840&q=75)



