رووداو دیجیتاڵ
سبەی مووچەی مانگی تەممووزی کرێکارانی خانەنشین لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی مووچە وەردەگرن 1008 کەسن.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مئەو خانەنشینانە ووچەکانیان لەسەر سندووقی خانەنشینییە، کە پێش خانەنشینبوون دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. ئەوانە 20 ساڵ خزمەتیان هەیە."
سەبارەت بە بڕی مووچەکەیان مەریوان بەگۆک گوتی: "بەپێی خزمەتەکەیان مووچەکانیان دەگۆڕێت؛ لە 180 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 2 ملیۆن دینار."
وەک بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی باسی کرد، دوای گەیشتنی نووسراوەکان، لەم یەک دوو رۆژە لە پارێزگای سلێمانیش دابەشدەکرێت. گوتیشی:"ئەوانەی مووچە وەردەگرن ژمارەیان 1008 خانەنشینە."
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر ئاگاداری خانەنشینانی ناوخۆ دەکاتەوە کە سبەی سێشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و دەتوانن سەردانی بانکی فیدراڵ، نووسینگەی دێدەوان بکەن.




