رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو مانگ، سبەی سێشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی شوان؛ هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شارەکە و پرسی دامەزراندنی گرێبەستە نوێیەکان لە گرنگترین تەورەکانی کۆبوونەوەکەن.
بڕیارە کۆبوونەوەی ژمارە 23ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیبراهیم حافز بەڕێوەبچێت .
دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە رۆژی 2ی مانگی حوزەیرانی رابردوو بوو.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار شوانی وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی شوان دەنگی لەسەر دەدرێت. ئەوەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوبەری پێشووی ناحیەکە.
رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 د. هەوراز نیزام شوانی، نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک کرد و دەست لەکارکشانەوەی خۆی لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی شوان راگەیاند.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تاوتوێی دۆسیەی موختارەکانی گەڕەک و گوندەکان دەکات بۆ رێکخستنەوەی کارەکانیان. پێشنیازی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ نوێکردنەوە و هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری کەرکووک دەخرێتە دەنگدانەوە. پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەیەکی گواستنەوەی ناوەندی لە کەرکووک و گرێبەستی گۆڕینی تۆڕی کارەبا بۆ سیستمی "سمارت میتەر" (پێوەری زیرەک) تاوتوێ دەکرێن.
هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگاکە، گفتوگۆ لەسەر نووسراوێکی پارێزگای کەرکووک دەکات سەبارەت بە 7304 پلەی وەزیفی و گرێبەستەکان. هاوکات داواکاریی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ تەرخانکردنی چەند پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە لە سنووری کەرکووک تاوتوێ دەکرێ.
تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە:
- رێکخستنەوەی کار و نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان.
- میوانداریکردنی بەڕێوەبەرانی هاتووچۆ و بەرگریی شارستانیی کەرکووک.
- تاوتوێکردنی دیاردەی سواڵکردن لەنێو شاردا.
- گۆڕینی ناوی گوندی (مەرعی) بۆ (حەتین).
- ناونانی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کەرکووک بە ناوی شەقامی (اسود الرافدین- شێرەکانی رافیدەین).
- هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا (ماددەکانی 47 و 48).



