رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، لیتری لە 1100 بۆ 1200 دینارە. دوای هەولێر، لە چەند قەزایەکی پارێزگاکە بەنزینی 750 دیناری کرایە کارتی ئەلیکترۆنی و لە دهۆکیش کاری بۆ دەکرێ، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە بێ کارت هەمان بەنزین دابەش دەکرێ.
ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە شاری هەولێر و دەوروبەری 1175 دینارە. لە دهۆک 1150 دینارە و لە سلێمانی و هەڵەبجە 1200 دینارە. لە هەر چوار پارێزگاکە بەشێوەی جیاواز بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ.
بەنزین لە سنووری پارێزگای هەولێر
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 21 بەنزینخانەی سنوورەکە بەنزین لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێ و مەرجی وەرگرتن هەبوونی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییە.
قایمقامییەتی قەزای کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ 02ـی ئاب لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شۆفێرانی کۆیە و تەقتەق ئاگادار دەکەنەوە، لەمڕۆوە دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکومی 750 دیناری تەنیا بە کارتی ئەلکترۆنیی سووتەمەنی دابەش دەکرێ و هەر شۆفێرێک 40 لیتری پێ دەدرێ.
هەروەها بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە قەزای خەبات بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ و هەمان مەرجی هەولێر دەیگیرێتەوە، کە پێدانی 40 لیترە بە کارتی ئەلیکترۆنی.
لە 28ـی شوباتەوە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر بووەتە کارتی ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەمڕۆ رایگەیاند، هیچ شۆفێرێک نۆرە بۆ بەنزینی 750 دیناری نەگرێ ئەگەر پێشتر 40 لیتری وەرگرتبێت. بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە رووداوی گوت، ئەوان تەنیا فەرمانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جێبەجێ دەکەن و هەرکات ئاگاداریان بکەنەوە کە شۆفێران دووبارە دەتوانن بە کارت بەنزین وەربگرن، ئەوان ئاشکرای دەکەن.
نەوت و کانزاکانی سۆران: شۆفێری تەکسی مانگانە 400 لیتر بەنزینی پێدەدرێ
د. ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ 2ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی 750 دیناری لە چوار بەنزینخانە دابەش دەکەین و بێ کارتە، تاوەکو ئەمڕۆ پلانی ئەوەمان بەردەست نییە بیکەینە کارت".
شانەدەری گوتی: "لە سنووری ئێمە بەنزین بە کارت تەنیا بۆ تەکسییەکانە، کە مانگانە مافیان هەیە لە رێگەی کارتەوە 400 لیتر بەنزینی 750 دیناری وەربگرن".
بەنزین لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەنزینی بازرگانی لیتری بە هەزار و 200 دینار جێگیر کراوە و بە نزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ 02ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ ئامادەکاری نەکراوە بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش بکرێ، ئەوەی هەیە هاوشێوەی پێشوو هەرکەس نۆرە بگرێت بەنزینی پێ دەدرێت".
قایمقامی سلێمانی گوتی، ئەمڕۆ لە پێنج بەنزینخانەی سنوورەکە بەنزین دابەش دەکرێ؛ لیتری بە 750 دینار.
هەروەها بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سنووری هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری کارتی ئەلیکترۆنی پێویست نییە و تاوەکو ئەمڕۆ پلان نییە بکرێت.
دابەشکردنی بەنزین لە دهۆک
لە دهۆک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە هەزار و 150 دینارە، بەڵام بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی گوت، رۆژانە نزیکەی 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دهۆک کار دەکرێ بۆ ئەوەی بەنزینی 750 دیناری بکرێتە کارت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کاتی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە رانەگەیێندراوە.
لە 6ی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار و ئەمڕۆ هەزار و 200 دینارە. پێش ئەو رێککەوتنە لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزین 850 بۆ 900 دینار بوو.



