رووداو دیجیتاڵ ژمارەیەک لە کرێکاران و شاگردانی کەرتی تایبەت لە شاری هەولێر سکاڵا لە درێژیی کاژێرەکانی کارکردن، کەمیی مووچە و نەبوونی پشووی هەفتانە دەکەن، هاوکات وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش جەخت لە سەپاندنی یاسا و پاراستنی مافی کرێکاران دەکاتەوە. بەپێی بەدواداچوونێکی رادیۆی رووداو، کرێکارانی چەندین شوێنکاری کەرتی تایبەت، لەوانە کرێکارانی چایخانەیەک لە شەقامی شۆڕش لە هەولێر و کرێکارانی ناوچەی پیشەسازیی باشوور، رووبەڕووی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان بوونەتەوە. کرێکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە رۆژانە زیاتر لە 8 تاوەکو 10 کاژێر کار دەکەن و هەفتەی حەوت رۆژ بەبێ پشوو دەوام دەکەن، لە بەرامبەر مووچەیەکی کەمدا کە لە رۆژانە لەنێوان 15 هەزار تاوەکو 25 هەزار دیناردایە. گەنجێک کە وەک چایچی لە چایخانەیەک کار دەکات، بۆ رادیۆی رووداو گوتی: "رۆژانە زیاتر لە نۆ کاژێر کار دەکەین و حەوت رۆژی هەفتەکە بەبێ پشوو بەردەوامین. ئەگەر داوای مۆڵەت بکەین بۆ نەخۆشی یان کارێک، لەلایەن خاوەنکارەوە هەڕەشەی دەرکردنمان لێ دەکرێت، هەروەها هیچ دەستەبەرێکی کۆمەڵایەتیشیان بۆ نەکردووین." تەمەن شوان، بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کرێکارانەوە لەسەر هێڵی گەرمی 5500، راستەوخۆ بەدواداچوون دەستپێدەکات؛ ئەگەر کێشەکە پەیوەندیی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە هەبێت، لیژنەی دەستەبەری دەنێردرێت، ئەگەر پێشێلکارییش لە گرێبەستەکەدا کرابێت، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کار و پشکنەران سەردانی شوێنەکە دەکەن و گوتەی تەواو وەردەگرن. تەمەن شوان گوتیشی: "هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری بکات، رەوانەی دادگەی کاری دەکەین تاوەکو مافی کرێکارەکەی لێ بسەنرێتەوە. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کرێکاران لە رێگەی هێڵی گەرمی (5500) بە فەرمی سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە ئەوکات دەبێتە کەیسی فەرمی، بۆ ئەوەی بڕیاری بەدواداچوونی بۆ دەربچێت، هاوکات ناوی سکاڵاکارانیش بە پارێزراوی دەمێنێتەوە." بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پاراستنی مافی کرێکاران لە دادگە و رایگەیاند، زۆرجار خاوەنکار دراوەتە دادگە، بەڵام کرێکارەکە ئامادە نەبووە گوتە بدات یان بەهۆی نەبوونی گرێبەست (گرێبەستی کار) و نەبوونی شایەتحاڵ، نەتوانراوە مافەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە. ناوبراو داوای لە سەرجەم کرێکاران کرد کە لە کاتی دەستبەکاربوونیان، کۆپییەکی گرێبەستی کاریان لەلای خۆیان هەڵبگرن؛ چونکە بەڵگەیەکی یاسایی بەهێزە بۆ سەلماندنی مافەکانیان لە دادگە، یان لە کاتی نەبوونی گرێبەستدا، لانی کەم دوو شایەتحاڵ ئامادە بکەن بۆ سەلماندنی کارکردنیان لەو شوێنەدا. پێشتر، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە داوای لە کرێکاران کرد هۆشیاریی یاساییان هەبێت و راشیگەیاند: "تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 600 سکاڵا گەیشتووەتە دەستمان. یاسای کار زۆر تووندە و خاوەنکار ناتوانێت بە ناحەق کرێکار دەربکات تەنیا لەبەر ئەوەی سکاڵای کردووە، ئێمە بە تەواوی پارێزگاری لە مانەوەی کرێکارەکە و مافەکانی دەکەین." وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، کرێکارانی کەرتی تایبەت لە کاتی هەبوونی هەر پێشێلکارییەک، نەبوونی دەستەبەر یان زەوتکردنی پشووەکانیان، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (5500) بکەن تاوەکو لیژنەکانی پشکنین سەردانی شوێنکارەکان بکەن و رێکاری یاسایی بگرنە بەر.
هەواڵە ناوخۆییەکان12-08-2026بازرگانانی تورکیا و ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان کارەکانیان فراوانتر دەکەن