رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی خەڵک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون سکاڵایان لە نرخی موەلیدەکان هەیە. بەتایبەت دوای کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا بەهۆی هێرشی سەر کۆرمۆر، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دیاریکردنی نرخی نوێی موەلیدە دا .
ئەندازیار ئارام رەسووڵ، بەرپرسی لیژنەی سکاڵا و بەدواداچوون لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، بە رووداوی رایگەیاند:" لە 1-10-2026ـەوە دانیشتووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە چەندین پرۆژەدا رووبەڕووی کێشەی نرخی موەلیدە بوونەتەوە. بەهۆی ئەم کێشەیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە 15-11-2026بە نووسراوێکی فەرمی بڕیاری دا نرخی موەلیدەکان لە هەر چوار شارەکەی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، بە پێی جۆری یەکەی نیشتەجێبوون."
ئاماژەی بەوەشدا:" پێشتر ئەم کێشەیە بووەتە هۆی ئەوەی بە نرخی جیاواز کرێی موەلیدە لە خەڵك وەربگیرێت، ئەمەش نیگەرانیی لەنێو دانیشتووانی ئەو پرۆژانە دروست کردووە، بەڵام بە دەرچوونی ئەم بڕیارە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت".
ئەندازیار ئارام رەسوول راشیگەیاند:" رۆژی پێنجشەممە 19-11-2026 لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ ئەوانەی لە شوقەکاندا دەژین، بەهۆی بوونی بەرزکەرەوەو نهۆمی بەرزەوە پێویستییان بە کارەبای بەردەوام هەیە، لەگەڵ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی نرخی کارەبای موەلیدە لەم پرۆژانەدا."
بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، تێچووی (گاز، فیلتەر، رۆن و خەرجییەکانی موەلیدە)، لەگەڵ کرێی کارپێکەر و ژمێریار، وەکو پێوەر بۆ دیاریکردنی نرخی کارەبای موەلیدە لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەبەرچاو گیراون، هەروەها بڕیارە کرێی مانگانە بەرامبەر هەر مەترێک چوارگۆشە دیاری بکرێت و جیاوازیی نێوان (خانوو، شوقە و یەکە بازرگانییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت).
هەر سەبارەت بە کێشەی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، دوای لافاوەکە، ئەندازیار ئارام رەسووڵ گوتی: "هەر سکاڵایەک بگاتە دەستمان سەبارەت بە کارنەکردنی موەلیدەکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەدواداچوونی بۆ دەکەین".





.webp&w=3840&q=75)