رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کادیران لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، سکاڵا لە دەست هەبوونی چوار موەلیدەی ئەهلی لە ناوچەکەیاندا دەکەن و رایدەگەیێنن، دووکەڵ و بۆنی گاز و دەنگی موەلیدەکان ژیانیان لێ تاڵ کردوون و تەندروستیی چەندین خێزانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی رادیۆی رووداو، کێشەی دانیشتووانی گەڕەکی کادیران لەوەوە دەستی پێکردووە، لەدوای ئەوەی کە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەمیکرد و کارکردن بە موەلیدە ئەهلییەکان دەستی پێکرد، چوار موەلیدە لەو گەڕەکە چەند ماڵێکی بێزار کردووە.
هێمن تەحسین، دانیشتوویەکی گەڕەکی کادیران لەبارەی کێشەکەیانەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "موەلیدەکان مەترێک لە ماڵەکەمەوە دوورن، وێران بووین لەدەست دووکەڵ و بۆنی گاز، تەنانەت دووکەڵەکە دێتە ژوورەوە و بەهۆی موبەریدەوە رادەکێشرێت، بۆیە هەفتەی دوو جار ناچارین ماڵەکانمان بشۆین. سەردانی قایمقام و لیژنەی موەلیدەکانیشمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێگەچارەیەکمان بۆ نەدۆزراوەتەوە."
لە بەرامبەردا، ئومێد عومەر، خاوەنی موەلیدەی گەڕەکی کادیران روونکردنەوەی دا و بە رادیۆی رووداوی گوت: "دەستپێکردنی کارەکەی ئێمە بە شێوەیەکی کاتی بووە، هیچ دڵنیاییەک نییە لە کارکردنی ئێمە و نازانین چارەنووسمان چی دەبێت و ئەوە چەند رۆژێکە کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان کەمیکردووە ئەگینا لە سەرەتا زۆر لۆد لەسەر موەلیدەکان بوو."
سەبارەت بە دانانی فیلتەر و بێدەنگکەر، خاوەنی موەلیدەکە گوتی: "دابینکردنی فیلتەر و بێدەنگکەر تێچوویەکی زۆر دەوێت، لەکاتێکدا هیچ دڵنیاییەک نییە کە کارەکە بەردەوام بێت یان نا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێگەیشتنمان بۆ نیگەرانیی دانیشتووانەکە هەیە و هەوڵ دەدەین لەرێگەی دابینکردنی موەلیدەی دیکەوە رێژەی دووکەڵەکە کەم بکەینەوە."
ئومێد عومەر گوتیشی: "ئێستا موەلیدەکەی دیکەمان هێناوە، هەر جارێک پارەی 100 کاژێر وەردەگرین، هیچ دڵنیاییەکمان نییە."


