رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو دەنگی جووتیارانی سنووری باڵەکایەتیی گەیاند، زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت کڕینی بەرهەمی جووتیارانی باڵەکایەتیی دەستپێکرد و بڕیارە سبەی یەکەم بەرهەمی ئەو سنوورە بخاتە بازاڕەوە. بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت دەڵێت، هەموو خەیارێکی باڵەکایەتی بە نرخی گران دەکڕین.
زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت ئەو بەڵێنەی لە رووداو بە جووتیارانی باڵەکایەتی دابوو جێبەجێی کرد و کڕینی بەرهەمی جووتیارانی ئەو سنوورەی دەستپێکرد.
بەگوێرەی رێککەوتنی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت و کشتوکاڵی سۆران، زنجیرە مارکێتەکە بە نرخێک کە بەرزتر بێت لە نرخی بازاڕ، بەرهەمی جووتیارانی باڵەکایەتی بەتایبەت خەیار دەکڕێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، سەڵاح عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تاوەکو یەک خەیاری باڵەکایەتی بمێنێت، بەرهەمی جووتیاران دەکڕێت.
رووداو دەنگی گەیاندن
رۆژی 9ـی ئابی 2026، بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەدواداچوونی کێشەی جووتیارانی باڵەکایەتی کرد، محەممەد شێخ فاتیح لەنێو بێستانەکانی بناری هەڵگوردی قەزای چۆمان گفتوگۆی لەگەڵ جووتیاران و بەرپرسانی سنوورەکە کرد.
کێشەی سەرەکیی جووتیارانی سنوورەکە ساخنەبوونەوەی ئەو 40 تۆنە خەیارە بوو کە رۆژانە لە سنوورەکە بەرهەمی دەهێنن و ناچارن بە نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە. وەکو جووتیاران رایانگەیاند: "بەهۆی کەمیی نرخ و زۆریی خەرجییەوە، زیانمان لە قازانج زیاترە."
جووتیارانی باڵەکایەتی تەنیا کێشەی کەمیی نرخیان نەبوو، بەڵکو وەک بەشێک لە جووتیاران ئاماژەیان بۆ کرد، چەند رۆژێک لە عەلوە دەمێننەوە و بەرهەمەکانیان نافرۆشرێت، چونکە بەرهەم زۆرە و کێشەی ساخکردنەوەیان هەیە.
رووداو لەگەڵ جووتیارانی باڵەکایەتی داوای لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ هاوکاریکردنی جووتیاران، کار بۆ ساخکردنەوە و فرۆشتنی زیاتری بەرهەمی جووتیاران بکەن.
د. محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە (تیم مارت) لە کاتی رووماڵێکی راستەوخۆدا پەیوەندیی بە رووداوەوە کرد و رایگەیاند: "183 لقی تیم مارتمان لە عێراق هەیە و ئامادەین بۆ کڕین و فرۆشتنی بەرهەمەکانی باڵەکایەتی. هەر ئەمڕۆ رێکارەکان بۆ کڕینی بەرهەمی نوێی خۆماڵی دەستپێدەکەین."
چی گۆڕا؟
دوای بەرنامەکەی رووداو، زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هەنگاوەکانی بۆ کڕینی بەرهەمی جووتیارانی سنووری باڵەکایەتی دەستپێکرد.
زنجیرە مارکێتەکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سۆران رێککەوتن تاوەکو رۆژانە بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە رەوانەی کۆگاکانی تیم مارت لە پارێزگای هەولێر بكرێت.
سەڵاح عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت رایگەیاند، بە راسپاردەی د. محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت، بە نرخێک کە زیاتر بێت لە نرخی بازاڕ دەستیان بە کڕینی بەرهەمی جووتیاران کردووە.
سەڵاح عوسمان ئاماژەی بە شێوازی کڕینەوەکە کرد و گوتی: "نرخی رۆژ چەند بێت لە عەلوەی هەولێر ئێمە بە زیاتر لەو نرخە بەرهەمەکان دەکڕینەوە."
کێشەی جووتیارانی باڵەکایەتی جگە لە ساخنەبوونەوە، کەمیی نرخەکان بوو، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت گوتی: "لەپێناو هاوکاری و پشتیوانیکردنی جووتیاران، بە کەمێک زیان بەرهەمی جووتیاران دەکڕینەوە."
لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی گواستنەوە کە یەکێک بوو لە کێشەی جووتیاران، زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت ئامادەیی نیشانداوە خۆی بچێتە بێستانەکان و بەرهەمەکان بگوازێتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت گوتی، تاوەکو یەک خەیاری بەرهەمی نێوخۆ مابێت، ئەوان لەگەڵ جووتیاران دەبن.
تیم مارت تەنیا چاوی لە ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوچەی باڵەکایەتی نییە، بەڵکو وەکو سەڵاح عوسمان گوتی: "هەر بەرهەمێک بە کەڵکی ناردنی سەر سفرە بێت دەیکڕن."
بڕیارە رۆژی 13ـی ئابی 2026، یەکەم بار خەیار لە باڵەکایەتییەوە بۆ زنجیرە مارکێتەکانی تیم مارت بگوازرێتەوە و ئەوانیش هەمان رۆژ بەرهەمەکە بخەنە بازاڕەوە.
پێشوازیی بەرپرسان و بازرگانان لە بانگەوازی تۆڕی میدیایی رووداو، جووتیارانی دڵخۆش کردووە و رۆژانە پەیامی گرنگیدان بە بەرهەمەکانیان بۆ رووداو دەنێرن.
گەیلان ئیسماعیل، کە جووتیارێکی سنووری باڵەکایەتییە، لە پەیامێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، نرخی بەرهەمەکانیان بەتایبەت تەماتە و خەیار لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە و کیلۆی لە 175 دینارەوە بووە بە 350 تاوەکو 400 دینار.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی جووتیارانی باڵەکایەتی کە پێش بەدواداچوونی رووداو رووبەڕووی دەبوونەوە زۆر مانەوەی بەرهەمەکانیان بوو لە عەلوەکاندا، ئەو جووتیارەی سنووری باڵەکایەتی گوتی: "ئێستا بازاڕییان خێرا بووە و زۆر زوو بەرهەمەکانیان دەفرۆشرێت."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە یەکێک بوو لە میوانانی رووداو بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی سنووری باڵەکایەتی لە کاتی بەرنامەکەدا بەڵێنێکی بە جووتیاران دا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گوێگرتن لە داواکارییەکان، بەڵێنی دا لە دوای بووڵتەنی ئابووریی رووداو، لەگەڵ جووتیارانی سنوورەکە کۆببێتەوە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەموو جووتیارانی سنوورەکەی کۆکردەوە و گوێی لە داواکارییەکانیان گرت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە جووتیاران، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەشداربوون و گوێ لە کێشە و گرفتی جووتیاران گیراوە، بەتایبەت دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، پەینی کیمیایی و ساخنەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە دا یەکێک لەو بابەتانەی کە تاوتوێ کراوە، پاراستنی کوالێتی و رێکخستنی شێوازی داچاندن بووە بە جۆرێک کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێویستی و خواستی بازاڕ بۆ بەرهەمەکان.
بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی جووتیاران. هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "بیرۆکەی دروستکردنی عەلوە لە چۆمان و سیدەکان گەڵاڵە کراوە، تاوەکو گرفتی گواستنەوەی بەرهەمەکان بۆ جووتیاران چارەسەر بکرێت."
خەیار لە باڵەکایەتی و کوردستان
رۆژانە نزیکەی 40 تۆن خەیار لە سنووری باڵەکایەتی بەرهەم دەهێندرێت کە 10 تۆنی بۆ بازاڕی سۆرانە و 30 تۆنیشی بۆ بازاڕەکانی پارێزگای هەولێر دەنێردرێت.
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی سۆران، ئەمساڵ 2750 دۆنم زەویی ناوچەکە بە خەیار و 8 هەزار دۆنم بە تەماتە چێندراوە.
ساڵانە نزیکەی 150 تاوەکو 200 هەزار تۆن خەیار لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت. بازاڕی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 100 تاوەکو 120 هەزار تۆن خەیارە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵانە نزیکەی 40 تاوەکو 70 هەزار تۆن خەیار بۆ بازاڕی شارەکانی دیکەی عێراق دەنێرن.


