رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گەڕەکی توورەق لە سنووری پارێزگای هەولێر رووبەڕووی کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بوونەتەوە، ئەوەش وایکردووە رۆژانە نزیکەی نۆ کاژێر بێ کارەبای نیشتمانی و موەلیدەی ئەهلی بمێننەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێریش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەن و چارەسەری دەکەن. بەپێی بەدواداچوونی رادیۆی رووداو، کێشەی سەرەکیی گەڕەکەکە لەوەدایە کە کارەبای گەڕەکەکە بەسەر دوو فیدەری جیاوازدا دابەش کراوە. لە کاتی بڕینی کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکە، بەشەکەی دیکە کارەبای هەیە، ئەم ناهاوسەنگییەش بووەتە رێگر لەوەی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان بتوانن کارەبا بدەنە ماڵان، چونکە مەترسیی تێکەڵبوونی هێڵەکان و سووتانی ئامێرە کارەباییەکان هەیە. رۆژی چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، دڵشاد بیلال، دانیشتووی گەڕەکی توورەق، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەم کێشەیە چەندین ساڵە بەردەوامە و گەڕەکەکەمان بووەتە دوو بەش. رۆژانە لە کاژێر 09:30ـی بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە کارەبای بەشێکمان دەبڕدرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی کارەبا لە بەشەکەی دیکە، موەلیدەکان ناتوانن کار بکەن. داواکارین تەواوی گەڕەکەکە بکرێتە یەک هێڵ." بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەکان لەوانەیە تەکنیکی بن، بەڵام ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و چارەسەری دەکەین. هەوڵدەدەین هەموو گەڕەکەکە بکەینە یەک فیدەر." هەروەها سکاڵا عەبدولقەهار، بەرپرسی فەرمانگەی چاککردنەوەی کارەبای دووی هەولێر رایگەیاند، کوژاندنەوە و بەرنامەی فیدەرەکان بەدەست کۆنترۆڵی کارەبایە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی چاککاری رێکارە پێویستەکان دەگرنەبەر و داوای لە نوێنەرانی گەڕەکەکە کرد سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆنترۆڵی کارەبا رێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە. گەڕەکی توورەق دەکەوێتە سەر رێگەی مووسڵ؛ پێوەری زیرەکی گەڕەکەکە لەسەر کارەبای شەمامکە و کاروباری چاککردنەوەشی لەسەر فەرمانگەی کارەبای دووی هەولێرە. دانیشتووانی ناوچەکە لەم وەرزە گەرمایەدا چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێرن بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشە کۆنەی گەڕەکەکەیان.