رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هاونیشتمانییەک لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی ئەڵمانی لە سنووری قەزای کەلار دۆزرایەوە. پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، ئەو کەسە مامۆستایە و ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە تەنیا ژیاوە کەس پێی نەزانیوە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی تەرمێک لە گوندی ئەڵمانی، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەڵگە و تاوان و پۆلیسی کەلار گەیشتنە شوێنەکە. دەرکەوت هاووڵاتییەک لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە."
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە مامۆستایە و ناوی (شکار عەبدوڵڵا حەمید)ـە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، کە بەپێی نیشانەکانی سەر تەرمەکە، مامۆستاکە ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە، "بەهۆی ئەوەی بە تەنیا ژیاوە، کەس بە گیانلەدەستدانی نەزانیوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ 12ـی ئابی 2026 کە تەرمەکەی دۆزرایەوە."
تەرمی ئەو مامۆستایە رەوانەی دادپزیشکیی قەزای کەلار کراوە. پۆلیس دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە بۆ ئەوەی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکەی روون ببێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

