رووداو دیجیتاڵ
پەیجی فەرمیی مەلا ئارام خەلەکانی راگەیاند، مەلا ئارام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و هەڵکوتراوەتە سەر ماڵەکەی. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانیش دەڵێت، سبەی بەدواداچوونی ورد بۆ هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، پەیجی فەرمیی مەلا ئارام خەلەکانی بڵاویکردەوە: "دوێنێ مامۆستا ئارام لەلایەن بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە داوای لێکراوە سەردانیان بکات، بەڵام دوای سەردانیکردنی، دەستگیرکراوە."
بەپێی زانیارییەکانی پەیجەکەی مامۆستا ئارام خەلەکانی، دوای چەند کاژێرێک لە دەستگیرکردنی، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل، مۆبایل و ئەو پارەیەدا گرتووە، کە لە ماڵەکەیدا بووە.
عەباس خدر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا وردەکارییەکان نازانین. ئێمەش ئەم ئێوارەیە گوێمان لێبوو کە رۆیشتووە بۆ ئاسایشی سلێمانی و دەستگیرکراوە. سبەی وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف بەدواداچوون بۆ بابەتەکە و رێکارەکان دەکەین."
تاوەکو ئێستا لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە بڵاونەکردووەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)