رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ لە ئاکرێ زیاتر لە هەشت هەزار تۆن بەرهەمی هەنجیر هەبێت، بەڵام فێستیڤاڵێکی تایبەت بەو بەرهەمەی نییە.
فازڵ مستەفا، بەرپرسی بەشی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە رووداوی گوت لە ئاکرێ زیاتر لە 250 هەزار داری هەنجیر هەیە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەنجیری ئەم ساڵ بگاتە نزیکەی هەشت تاوەکو 8.5 هەزار تۆن، بەڵام هێشتا فێستیڤاڵێکی تایبەت بە هەنجیری ئاکرێ نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ هەنجیرەکان نەخۆشییان هەبووە، بەڵام رێژەکەی زۆر کەم بووە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرهەمی هەنجیر نەبووە.
بەرپرسی بەشی کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت هەنجیری ئاکرێ بە چەندین جۆر بەرهەم دێت، بەڵام جۆری "ئەحیابەگی" بە بەنرخترین و بەناوبانگترین جۆری هەنجیری ناوچەکە دادەنرێت.
بەپێی قسەکانیشی بۆ رووداو، هەنجیری ئاکرێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق بەناوبانگە و بەهۆی کوالێتییەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، پێویستی بە رێکار و ئامادەکاریی تایبەت هەیە، لەبەرئەوەی هەنجیر بەروبوومێکی هەستیارە و دەبێت بەخێرایی بگاتە بازاڕی مەبەست.
بۆچی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە هەنجیر نییە؟
لەگەڵ ئەوەی ئاکرێ بە هەنجیر بەناوبانگە و بەرهەمی ئەم بەروبوومە لە ناوچەکە زۆرە، هێشتا فێستیڤاڵێکی ساڵانەی تایبەت بە هەنجیر لە ئاکرێ بەڕێوەناچێت.
فازڵ دەڵێت ئاکرێ فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی کشتوکاڵی ئاکرێ بەڕێوە دەبات، هەموو ساڵێک هەوڵ دەدرێت ئەم فێستیڤاڵە لەو کاتەدا بکرێت، کە بەرهەمی هەنجیر زۆرە، بۆ ئەوەی هەنجیری ئاکرێ زیاتر بناسرێت و پیشان بدرێت.
جگە لە هەنجیر، ئاکرێ بەرهەمی کشتوکاڵیی زۆری هەیە، لەوانە برنج و سماق، فازڵ مستەفا گوتی، بۆیە بڕیار دراوە فێستیڤاڵەکە بەشێوەی گشتی بۆ بەرهەمە خۆماڵییە کشتوکاڵییەکانی ئاکرێ بێت، نەک تەنیا بۆ هەنجیر.
بەرپرسی بەشی کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت لە داهاتوودا ئەگەر رێککەوتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت و زەمینەی بۆ بڕەخسێت، دەکرێت فێستیڤاڵێکی تایبەت بە هەنجیری ئاکرێ بەڕێوە ببرێت.


.jpg&w=3840&q=75)