رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵی و کلتوورییەکانی ناوچەی خورماڵ لە سەیرانگەی ئەحمەداوە بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دەڵێ، سێ رۆژ بەردەوام دەبێ و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لە سنووری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "کاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵی و کلتوورییەکانی ناوچەکە دەستپێدەکات. فێستتڤاڵەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە تاوەکو کاژێر 10:00ی شەو کراوە دەبێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دەڵێت: "هەموو رێکارە پێویستەکان گیراونەتە بەر بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە سەیرانگەی ئەحمەدئاوە".
لەبارەی وردەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە، بابا سەنعان فایەق، لێپرسراوی تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ بە رووداوی راگەیاند: "100 کەپر و نزیکەی 40 مێز بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکان ئامادەکراون. لە فێستیڤاڵەکەدا هەنجیر، گوێزی تەڕ، هەنگوین، دۆشاوی هەنار، کاری دەستی خانمان و چەندین خواردنی کوردەواری نمایش دەکرێن."
بابا سەنعان گوتیشی: "هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ پۆلیس و پۆلسی هاتووچۆ، ئاسایش، تەندروستی، پۆلیسی دارستان و ژینگە و شارەوانی هەیە، بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخی".
بە گوتەی بابا سەنعان، هاتنی پاس بۆ ناو ئەحمەداوە قەدەخەیە؛ ئۆتۆمبێلی بچووکیش بۆی نییە رابوەستێت، تەنیا دەتوانێت سەرنشین دابنێت و بڕوات.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی، کەلار و سەیدسادق رێککەوتوون بۆ هێنانی گەشتیاران. لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکەن لە کاتی بەشداریکردنیان، پاکوخاوێنی ژینگەی ناوچەکە بپارێزن.
هەنجیری هەورامان و خورماڵ یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری هەنجیر لە کوردستان و خواستی زۆری لەسەرە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بە گشتی لە سنووری هەڵەبجە 175 دۆنم باخی هەنجیر هەیە، ساڵانە هەر دۆنمێک یەک و نیو تاوەکو دوو تۆن بەرهەمی دەبێت، کە دەکاتە نزیکەی 350 بۆ 400 تۆن.



