رووداو - هەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی هەموو وەزارەت و دەستەکان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دیاریکردنی وادەی کۆتایی کارەکان.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی لەسەرە، داوا لە گشت وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوه رێکاری پێویست بگەرنەبەر بۆ هەژمارکردن و پلە بەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران لە پلە (10) بۆ پلە (1).
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوه، پلە بەرزکردنەوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە رێککەوتی 1ی کانوونی دووەمی 2016ەوە شایستەی پلە بەرزکردنەوە بوون، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران پلە بەرزکردنەوەیان راگیرابوو.

بەپێی گشتاندنەکەی وەزارەتی دارایی، رێکارەکان بەم شێوازەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێن:
پلەکانی (10 تاوەکو 4): لە دەسەڵاتی وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکاندا دەبێت لەڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە.
پلەکانی (1، 2 و 3): لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری (بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی بودجە/میلاکات) دەبێت.
وەزارەتی دارایی وادەیەکیشی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاریکردووە و تەواوی لایەنەکانی راسپاردووە کە تاوەکو رێککەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کارەکانیان بمێننەوە، تاوەکو ببێتە کاری پێشینە بۆ جێگیرکردنی مافی فەرمانبەران و وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
جەختیش کراوەتەوە لەوەی، ئەگەر هەر وەزارەت یان فەرمانگەیەک کەمتەرخەم بێت، بەرپرسیاریی یاسایی و کارگێڕیی دواکەوتنی پرۆسەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە بەم ڕێکارە، حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکرێت بە دابینکردنی جیاوازیی مووچە، دەرماڵە و شایستە داراییەکانی رابردوو؛ هەروەها دەبێتە هۆی پێداچوونەوە و کاراکردنەوەی سەرپێشخۆریی (سالانە)ی فەرمانبەران کە پێشتر راگیرابوو.



