رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئافرەتێک پلەی زانستیی "پرۆفیسۆر" لە پسپۆڕییەکی گرنگ و دەگمەنی پزیشکیدا بەدەستدەهێنێت. سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی فەرمانی بەرزکردنەوەی ناسناوی زانستی بۆ ئەو دکتۆرە دەرکرد، کە بە گوتەی خۆی یەکەمین ئافرەتە لەو بوارەدا ئەو پلە زانستییە لە هەموو عێراقدا وەربگرێت.
بەگوێرەی فەرمانێکی زانکۆیی بە واژۆی دکتۆر کۆسار محەممەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەرچووە، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی (دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا محەممەدئەمین)، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، لە پلەی "پرۆفیسۆری یاریدەدەر"ەوە بۆ پلەی "پرۆفیسۆر" لە پسپۆڕیی زانستە کلینیکییەکان / شێرپەنجەی پزیشکی (Medical Oncology).
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدەستهێنانی ئەم پلەیە هەوڵی دە ساڵی کارکردنی بەردەوام و شەونخونیمە."
ئەم پلەبەرزکردنەوەیەی زانکۆی سلێمانی دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە زانستی و یاساییەکان دێت.
دکتۆر هاژە دەڵێت، ئەو یەکەمین ئافرەتە لەسەر ئاستی سەرجەم عێراق و هەرێمی کوردستان کە بتوانێت پلەی "پرۆفیسۆر" لە پسپۆڕیی شێرپەنجەدا بەدەستب someبهێنێت.
هەروەها لە نووسراوەکەدا هاتووە، کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە لە 30ـی ئاداری 2026ـەوە هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی ناوبراو هەموو مەرج و رێنماییە پێویستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە.
شێرپەنجەی پزیشکی (Medical Oncology) لقێکی پسپۆڕیی وردی پزیشکییە کە بایەخ بە دەستنیشانکردن، رێگری و چارەسەرکردنی جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە دەدات.
تایبەتمەندیی ئەم بوارە لەوەدایە کە پزیشکی پسپۆڕ پشت بە چارەسەری "سیستەمی" دەبەستێت بۆ گەیشتن بە خانە شێرپەنجەییەکان لە هەموو جەستەدا.




