رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی 'سەن تاوەر' لە هەولێر بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و خراپیی کارەبای موەلیدە نیگەرانن؛ بەڕێوەبەری پرۆژەکەش دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە موەلیدەیەکی دیکەیان وەک یەدەگ زیاد کردووە.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی پرۆژەی 'سەن تاوەر' کە لە 750 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە و سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی لالاڤە، پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کردووە و باس لەوە دەکەن، بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبای موەلیدە و نەبوونی کارەبای نیشتمانی، تووشی گرفتی زۆر بوونەتەوە، لەوانەش لەکارکەوتنی ئاسانسۆرەکان و پچڕانی ئاوی شوقەکانیان.
بەگوتەی دانیشتووانی پرۆژەکە، ئەوان مانگانە 135 هەزار دینار وەک کرێی خزمەتگوزاری و کارەبا بۆ شوقەیەکی یەک ژووری دەدەن و بۆ رووبەرە گەورەترەکانیش بڕەکە زیاتر دەبێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا خزمەتگوزاریی کارەبایان وەک پێویست نییە.
ئەندازیار وارد ئەمین تەحلۆ، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی لالاڤ گرووپ بە رووداوی راگەیاند: "کێشەی سەرەکی ئەوەیە تاوەکو ئێستا وێستگەی حکومەت فیدەری نییە تاوەکو کارەبای نیشتمانی بداتە پرۆژەکە، چونکە لە وێستگەی گردجووتیار جێگە نەماوە و دەبێت چاوەڕێی تەواوبوونی وێستگەی بەحرکە بکەین."
بەڕێوەبەری پرۆژەکانی لالاڤ گرووپ ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەوەی لۆدی سەر موەلیدەکان کەم بکەنەوە و کێشەی دانیشتووان چارەسەر بکەن، موەلیدەیەکی دیکەیان زیاد کردووە و گوتی: "پرۆژەکە پێویستی بە چوار مێگاوات کارەبایە. پێشتر چوار مێگاواتمان هەبوو، بەڵام موەلیدەیەکی دیکەی دوو مێگاواتیمان زیاد کرد و ئێستا کۆی گشتی بووەتە شەش مێگاوات، بەجۆرێک دوو مێگاواتی وەک یەدەگ دەمێنێتەوە تاوەکو بڕانی کارەبا دووبارە نەبێتەوە."



